ئومێد خۆشناو: سبەینێ چەند بڕیارێکی تایبەت بە مانگی ڕەمەزان دەردەکەین

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لە ئێستاوە هەندێک لەو ڕێوشوێنانەی تایبەت بە جڵەوکردنی بازاڕ لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز گیراونەتەبەر.
چوارشەممە 26ـی شوباتی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: ڕۆژی پێنجشەممە چەند بڕیارێک تایبەت بە رێکخستنی خشتەی کارەبای مووەلیدەکان و کەمکردنەوەی دەوامی دامودەزگاکان و چاودێریکردنی بازار دەدەین.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، لە ئێستاوە هەندێک لەو ڕێوشوێنانەی تایبەت بە جڵەوکردنی بازاڕ لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز گیراونەتەبەر.
جیهانی ئیسلامی، لە ڕۆژی هەینی 16ـی شوباتی 2025 چاودێریی دەرکەوتن و بینینی مانگ دەکات تاوەکو یەکەم ڕۆژی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان دیاری بکەن، هەروەها پێشبینی دەکرێت مانگی هیلالی کە دەکاتە سەرەتای مانگی نوێی کۆچی، بە بەکارهێنانی تەلسکۆپ لە ڕۆژئاوای ئاسیا و زۆربەی وڵاتانی ئەفریقا و باشووری ئەورووپاوە دیار بێت، ناوەندی فەلەکناسی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە، ڕەنگە لە بەشێکی گەورەی هەردوو ئەمەریکای باشوور و باکوور بەچاو مانگ ببینرێت.
بەپێی حیساباتی فەلەکناسی، پێشبینی دەکرێت زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی، ڕۆژی شەممە 1ـی ئادار وەک دەستپێکی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز ڕابگەیەنن. ئەگەر مانگی ڕەمەزان لەو ڕۆژەدا دەست پێ بکات، ئەوەش دیاردەیەکی دەگمەن دەبێت، چونکە مانگی زایینی و کۆچی لە یەک ڕۆژ دەست پێ دەکات، ئەمەش ڕووداوێکی دەگمەنە بەهۆی جیاوازی ژمارەی ڕۆژەکانی نێوان هەردوو مانگی کۆچی و زایینی.