میدیاکانی عێراق: ئەمەریکا دوو فڕۆکەخانەی فیدراڵی سزا دەدات

هێڵی ئاسمانیی عێراق
هێڵی ئاسمانیی عێراق

سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر کەرتە جیاوازەکانی عێراق بەردەوامە و میدیاکانی عێراق ڕایانگەیاندووە، بەمزووانە واشنتۆن سزا بەسەر هەردوو فڕۆکەخانی بەغدا و نەجەف دەسەپێنێت.

تا دێت سەپاندنی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر کەرتە جیاوازەکانی عێراق زیاد دەکات و لە نوێترین پێشهاتیشدا میدیاکانی عێراق باس لە ئەگەری سزادانی ئەمەریکا بۆ سەر هەردوو فڕۆکەخانەی بەغدا و نەجەف دەکەن. هۆکارەکەشی دەگەرێننەوە بۆ ئەوەی واشنتۆن ئامانجی کۆنترۆڵکردنی جوڵەی پارە و ڕاگرتنی دابینکردنی پارەیە بۆ ئێران لە ڕێگەی ئەو فرۆکەخانانەوە.

میدیاکانی عێراق لە زاری سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی نەجەف ڕایانگەیاندووە، هێزێكی تایبەتی ئەمەریكا کە چەكیان پێ بووە، بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار چوونەتە ناو فڕۆكەخانەکە، كامێرای تایبەتیان پێ بووە و دەستیان بە پشكنینێكی وردی فڕۆكەخانەكە كردووە. بەپێی سەرچاوەكە، لەگەڵ هاتنی ئەو هێزە بۆ فڕۆكەخانەكە، دوو هێلیکۆپتەری جۆری "بلاك هۆك" نیشتوونەتەوە و دوای پشکنینێکی ورد، فڕۆکەخانەکەیان بەجێ هێشتووە.

هێڵی ئاسمانیی عێراقی ساڵانێکی زۆرە بەهۆی نەبوونی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی سەلامەتی ئاسمانی کە لەلایەن کۆمەڵەی گواستنەوەی ئاسمانی نێودەوڵەتییەوە دانراوە، فڕینی بەسەر ئاسمانی ئەورووپادا قەدەغە کراوە. هەروەها لە ساڵی 2015ەوە هێڵی ئاسمانیی عێراق قەدەغە کراوە گەشتی فڕۆکەوانی بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بکات و لەلایەکی دیکەوە لە 22ـی کانوونی دووەمی 2024،  ئەمەریکا کۆمپانیای فڕۆکەوانیی "فڵای بەغدا"ـی خستە لیستی سزاکانەوە.

لە بەرانبەردا فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی هەولێر بە ناوەندێکی گرنگی گواستنەوەی ئاسمانی دەبیندرێت بۆ جیهان و وڵاتانی ئەورووپی، تاوەکوو ئێستەش هەرێمی کوردستان گەشتی ڕاستەوخۆی بۆ 21 وڵات هەیە. کۆتا جاریش لە ڕۆژی 23ی شوباتی 2025، گەشتی ڕاستەوخۆی نێوان فڕۆکەخانەکانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و فڕۆکەخانەی ئەسینا دەستی پێ کرد و هەفتانە، دوو گەشت لە نێوان هەولێر و ئەسینا دەکرێن لە کاتێکدا ئەسینا نزیکترین پایتەختی ئەورووپایە لە هەرێمی کوردستان.