دیوانیە..هێرش کرایە سەر بارەگایەکی حزبوڵلای عێراقی

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی شوباتی 2025، لەلایەن گروپێکی چەکداری نەناسراوەوە هێرش کرایە سەر بارەگای حزبوڵلای عێراقی لە پارێزگای دیوانیە، بەهۆیەوە باڵەخانەکە زیانی پێگەیەنرا و وێنەی حەسەن نەسروڵلا و ئاڵای حزبەکەش فڕێدراوەتە سەر زەوی، تاوەکوو ئێستاش هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە.
لای خۆیەوە حزبوڵلای عێراقی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئیدانەی هێرشەکەی کرد و بە کارێکی تاوانکاری ترسنۆکانە و هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی پارێزگاکە وەسفی کرد، جەختیشی کردەوە کە "ئەم هێرشە کاریگەریی دەخاتە سەر خزمەتکردنی گەلی عێراق."
حزبوڵلا، داوای لە دەزگا ئەمنییەکان کردووە "لایەنەکانی پشت هێرشەکە ئاشکرا بکەن و بیاندەنە دادگا"، هەروەها "داوای هەماهەنگی و یەکگرتوویی کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی ئاسایشی وڵات."
حزبوڵلای عێراقی لە ڕاگەیەندراوەکەدا، داوای لە عێراقییەکان کرد یەکگرتوو بن و پێکەوە بوەستن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان، و ڕێگە نەدەن هیچ لایەنێک ئاسایش و سەقامگیری وڵات تێک بدات.