ئاوارەیەکی کریستییان لە دهۆک: لە خەڵکی شارەکە زیاتر بایەخمان پێ دەدرێت و ناگەڕێینەوە

ئەو ئارامی و پێکەوەژییانە ئاشتییانەی لە دهۆک هەیە، وای لە هەزاران خێزانی ئاوارەی شەڕی داعش کردووە، بڕیار بدەن لە شارەکە بمێننەوە و نەگەڕێنەوە زێدی خۆیان. 

مەنهەل نیسان، ئاوارەیەکی کریستییانی دەشتەی نەینەوایە و لە ساڵی 2014ـەوە بەهۆی شەڕی داعش، لەگەڵ خێزانەکەی هاتووەتە دهۆک. ئەو بە کوردستان24ـی گوت: خەڵکی دهۆک پێشوازییەکی زۆر باشیان لێمان کردووە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بە هەموو دامودەزگاکانییەوە لە خزمەتی ئاوارەکاندایە. هەست بەوە ناکەین ئاوارە یان میوانین و هیچ جیاوازییەک لەنێوان ئێمە و خەڵکی دهۆکدا ناکرێت، بەڵکوو زیاتر بایەخمان پێ دەدرێت؛ بۆیە بیر لە گەڕانەوە یان کۆچکردن بۆ دەرەوەی عێراق ناکەینەوە.

سۆزان ئیسحاق، هاوژینی مەنهەل نیسان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: خەڵکی دهۆک دەرگای ماڵەکانیانیان بۆ ئێمە کردەوە و هەرچی پێویست بێت، بۆ ئێمەیان کرد. لە باشی، ئارامی و مرۆڤدۆستیی خەڵکی ئەم شارە بەولاوە هیچی دیکەمان نەبینیوە. دەمانەوێت لێرە بمێنینیەوە، چونکە تاوەکوو ئێستە دەشتی نەینەوا ئارام نییە و دەترسین لەوەی بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان."

لە شاری دهۆک، حەوت کەنیسە، دوو ناوەندی ڕۆشنبیری و حەوت قوتابخانەی تایبەت بە کریستییانەکان هەن. دەیان هەزار هاووڵاتیی کریستییان بە ئاوارەکانەوە، هاوشان لەگەڵ موسڵمان، ئێزدی و ئایین و نەتەوەکانی دیکە، ئاشتییانە پێکەوە دەژین.