شاندی ئیمڕاڵی پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەخوێننەوە
ئەمڕۆ کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە دوورگەی ئیمڕاڵی کۆتایی هات، شاندەکە دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژانامەوانیدا پەیامەکەیان خوێندەوە.
پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، شاندی ئیمڕاڵی پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.
ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی خوێندەوە و تێیدا هاتووە، پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، پێویستە پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشێنتەوە و کۆنگرە ببەستێت.
هاوکات ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەرپرسیارەتی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرێت و گەرەنتی گفتوگۆی ئاشتی دەکات.
نزیکەی کاتژمێر 03:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆبوونەوەی شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە دوورگەی ئیمڕاڵی کۆتایی هات.
ئەندامانی شاندی ئەمڕۆی دەم پارتی بۆ ئیمڕاڵی:
1. پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان.
2. سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا.
3. ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین.
4. تولای هاتیمئۆغوڵلاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی.
5. تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی.
6. جەنگیز چیچەک، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ.
7. فایەق ئۆزگور ئەرۆل، پارێزەری عەبدوڵلا ئۆجەلان.