ئێران: هەڕەشەکانی ساعر نالۆژیکین و هێزەکانی بەرگرییمان تۆکمە دەکەین

تاران سەرکۆنەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکات و بە هەڕەشەیەکی نالۆژیکی وەسفی دەکات.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، جەدعون ساعر ڕایگەیاند: بژاردەی سەربازی دژی هەوڵەکانی ئێران بۆ وەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی گرنگە.

پێگەی هەواڵی پۆلیتیکۆی ئەمەریکی لێدوانێکی جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا ڕایگەیاندووە، ئێران هێندە یۆرانیۆمی پیتاندووە، دەتوانێت دوو بۆمبی ئەتۆمی پێ دروست بکات، دەڵێت: ئێستا کاتی ئەوەیە ڕێگە لە ئێران بگرین دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەشڵێت: لەپێناو ڕێگەگرتن لە ئێران بۆ ئەوەی دەستی بە چەکی ئەتۆمی نەگات، پێویستە بژاردەی سەربازیمان هەبێت.

لە بەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بۆ ئەگەری هێرشەکردنە سەریان بە نالۆژیکی ناودەبات، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە، لێدوانەکانی جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل سەبارەت بە ئەگەری هێرشیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران نالۆژیکی و نا ڕاستەقینەن، بەقائی لە پۆستێکدا لە (ئێکس) ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئیسرائیل هەڕەشەیان لێدەکا و ئەمەریکا و ڕۆژئاواش سەرکۆنەیان دەکەن، لەپای بەهێزکردنی توانا بەرگرییەکانیان، ئەمەش لە لۆژیکدا جێگەی نابێتەوە، جەختیش دەکاتەوە لەوەی بەهێزکردنی توانای بەرگریی کارێکی پێویستە. 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment