ئەپیکور پێشوازی لە هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەکات

ئەپیکور پێشوازی لە هەوڵەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی بۆریی عێراق - تورکیا دەکات.

هەینی، 28-02-2025، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لە ڕاگەیەندراوێکدا پێشوازی لە هەوڵەکانی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کرد. 

ڕۆژی سێشەممە، 25-02-2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، دۆخی سووریا و ناوچەکە، گرووپە چەکدارەکان، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و ژمارەیەک پرسی دیکەیان، تاوتوێ کرد.

 بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ڕوبیۆ ئاماژەی بەوە داوە، پێویستە لە زووترین کاتدا نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆریی عێراق – تورکیا هەناردە بکرێتەوە و ڕێز لە مەرجی گرێبەستە نەوتییەکانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لە هەرێمی کوردستان و عێراق کاردەکەن بگیردرێت.

ڕۆژی یەکشەممە، 23-02-2025، دوای پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەولێر و بەغدا لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەپێی بڕی بەردەست، ڕێککەوتن.

ڕۆژی شه‌ممه‌ش، 22ـی شوباتی 2025، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ڕایگه‌یاند، سه‌رجه‌م ڕێكاره‌كانی دووباره‌ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركییه‌وه‌ ته‌واو كراون.