لە چەند کاتژمێری داهاتوودا نەوتی کوردستان هەناردە دەکرێتەوە

حکوومەتی عێراق لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان ڕادەگەیەنێت. 

هەینی، 28-02-2025، حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری نەوتی عێراق، لە کاتی بەسەرکردنەوەی بەندەری "خۆر ئەلزوبەیر" لە پارێزگای بەسرە، ڕایگەیاند "لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان ڕادەگەیەنین."

بە گوتەی وەزیری نەوتی عێراق "لە هەنگاوی یەکەمدا، کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی فیدراڵی (سۆمۆ) ڕۆژانە 185 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەفرۆشێت تاوەکوو هەنگاو بە هەنگاو دەگاتە ئەو بڕە نەوتەی لە بودجەی گشتیی فیدراڵیدا ئاماژەی پێ دراوە."

هەر ئەمڕۆ هەینی، 28-02-2025، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لە ڕاگەیەندراوێکدا پێشوازی لە هەوڵەکانی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کرد. 

ڕۆژی سێشەممە، 25-02-2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، دۆخی سووریا و ناوچەکە، گرووپە چەکدارەکان، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و ژمارەیەک پرسی دیکەیان، تاوتوێ کرد.

 بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ڕوبیۆ ئاماژەی بەوە داوە، پێویستە لە زووترین کاتدا نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆریی عێراق – تورکیا هەناردە بکرێتەوە و ڕێز لە مەرجی گرێبەستە نەوتییەکانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لە هەرێمی کوردستان و عێراق کاردەکەن بگیردرێت.

لە ئاداری 2023وە، هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری دیکەی کەرکووک لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە وەستاوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس لە بەرژەوەندیی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق.

بەپێی ئامارەکان، لەو ڕۆژەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، تا ئێستە زیاتر لە 21 ملیار دۆلار زیانی دارایی بە گەنجینەی حکوومەتی عێراق گەیشتووە. 

زیانە ملیار دۆلارییەکانی ڕاگرتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان وایکردووە دۆخێکی سەختی ئابووری دروستبێت. بەردەوامی ئەم دۆخە جگە لە زیانی زیاتر، هیچ سوود و قازانجێکی بۆ کەس نەبووە.