ئەنەکەسە لەبارەی پەیامەکەی ئۆجەلان: دەرفەتێکە بۆ چارەکردنی ئاشتییانەی پرسی کورد
ئەنەکەسە داوا لە حکوومەتی تورکیا بە شێوەیەکی ئەرێنی مامەڵە لەگەڵ پەیامەکەی ئۆجەلان بکات. باس لەوەش دەکات "سەرکەوتنی دەستپێشخەرییەکە پەیوەستە بە پابەندبوونی پەکەکە و چەکدارانی بە پەیامەکەی ئۆجەلان."
هەینی، 28-02-2025، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە ڕاگەیەنراوێکدا پێشوازی لە پەیامەکەی دوێنێ پێنجشەممە، 27-02-2025ـی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد کە تێیدا داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پارتەکەی کرد.
ئەنەکەسە پێی وایە سەرکەوتنی دەستپێشخەرییەکە پەیوەستە بە پابەندبوونی پەکەکە و چەکدارانی بە پەیامەکەی ئۆجەلان. باسی لەوەش کردووە "ئەم هەنگاوە دەرفەتێکی ڕاستەقینەیە بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی و پشتبەستن بە خەباتی سیاسی و چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد لە تورکیا."
ئەنەکەسە داواش لە حکوومەتی تورکیا دەکات بە شێوەیەکی ئەرێنی مامەڵە لەگەڵ پایەمەکەی ئۆجەلان بکات و گفتوگۆیەکی جیددی بۆ چارەکردنی پرسی کورد بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دەست پێ بکات، هاوکات پرەنسیپەکانی دیموکراسی و یەکسانی بچەسپێنێت بە مەبەستی بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە تورکیا و ناوچەکەدا.
پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە
ڕۆژی پێنجشەممە، 27-2-2025، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئیستەنبووڵ، پەیامی ئاشتیی ئۆجەلانیان بۆ ڕاگی گشتی ڕاگەیاند. ئەحمەد تورک پەیامەکەی بە زمانی کوردی و پەروین بوڵدانیش بە زمانی تورکی خوێندەوە. ئەوەش دوای ئەوەی شاندە حەوت کەسییەکە هەمان ڕۆژ و بۆ جاری سێیەم سەردانی ئیمرالییان کرد.
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا باسی لەوە کرد "لە کەشوهەوای ئێستادا، کە بە بانگەوازی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی دروست بووە و ئەو ئیرادەیەی کە بەڕێز سەرۆک کۆمار نیشانی داوە و هەڵوێستە ئەرێنییەکانی پارتە سیاسییەکانی دیکە بەرامبەر بەم بانگەوازە، من بانگەواز بۆ چەکدانان دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە دەگرمە ئەستۆ".
ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە ئاماژەی بەوەش کرد: "داڕمانی سۆسیالیزمی واقیعی لە ساڵی نەوەتەکاندا بە هۆی نێوخۆوە، کۆتاییهاتنی نکۆڵیکردن لە ناسنامەی کوردی لە وڵاتەکەدا، ئەو بەرەو پێشچوونانەی لە بواری ئازادیی ڕادەربڕیندا هاتوونەتە کایەوە، هەموو پێکەوە بوونەتە هۆی ئەوەی پەکەکە نێوەڕۆک و مانای بوونی خۆی لە دەست بدات و بەبەردەوامی خۆی دووبارە بکاتەوە. لەبەرئەوە پەکەکە تەمەنی کۆتایی پێهاتووە و هەڵوەشاندنەوەی بووەتە زەروورەت."