محەممەدئەمین پێنجوێنی: پەیامەکەی ئۆجەلان مێژوویی بوو

محەممەدئەمین پێنجوێنی
محەممەدئەمین پێنجوێنی

سیاسەتمەدارێکی کورد پێی وایە، پەیامەکەی ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، عەبدولڵا ئۆجەلان، پەیامێکی مێژوویی بووە، چونکە کۆتایی بە شەڕی 40 ساڵەی نێوان دەوڵەتی تورکیا و کورد لەو وڵاتە دەهێنێت.

هەینی، 28ـی شوباتی 2025، محەممەدئەمین پێنجوێنی، سیاسەتمەداری کورد دەڵێت: پەیامەکەی ئۆجەلان، پەیامێکی مێژووییە، لە بارودۆخ و ڕەوشێکی تایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا و ناوچەکە هاتە ئاراوە، پەیامەکە بانگ لە هێزەکانی پەکەکە دەکات جارێکی دیکە خۆیان ڕێک بخەن و چەک دابنێن، کۆنگرە ببەستن و لە کۆنگرە گفتوگۆی دانانی چەک بکەن و خۆیان نوێ بکەنەوە.

محەممەدئەمین پێنجوێنی دەڵێت: هیچ  کەسێک لە ڕێکخستنەکان، هیچ ڕێکخستنێکی چەکداری یاخوود مەدەنی، نکۆڵی لە فەرمان و قسەکانی ئۆجەلان ناکەن و وەکو ڕێنمایی وەری دەگرن، جێبەجێی دەکەن، گوتی: باوەڕ ناکەم، هیچ هێز و کەسێک و گرووپێک لەنێو ڕێکخستنەکانی پەکەکە، بە ڕێکخستنی چەکداری و مەدەنی هەبێت، سەرپێچی لە فەرمانەکانی ئۆجەلان بکەن، بۆ ئەوەی هەمووان دڵنیابن.

ئەو سیاسەتمەدارە کوردە، باسی لەوەش کرد: ئێمە پێمان وایە پەیامێکی مێژووییە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی 40 ساڵی نێوان دەوڵەتی تورکیا و هێزی کورد کە بریتییە لە هێزە چەکدارەکانی گەریلا و کۆتاییهێنان بە خوێنڕشتن، گواستنەوەی پرسی کورد لە بزووتنەوەیەکی شەڕ و خوێنڕشتن و بەناوکردنی بزووتنەوەکە بە بزووتنەوەیەکی تیرۆریستی، بۆ بزووتنەوەیەکی مەدەنی سڤیل، ئاشتیخوازانە و چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا بەڕێگەیەکی ئاشتی و دیالۆگ.