ئەپیکور: ڕێککەوتنی فەرمی نەکراوە و ئامادەنین ئێستە نەوت هەناردە بکەینەوە
ئەپیکور جەخت لەوە دەکاتەوە، ئامادە نین دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بکەن، چونکە تا ئێستە نووسراوی هیچ ڕێککەوتنێکی فەرمییان پێ نەگەیشتووە.
هەینی، 28-02-2025، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ئاماژەی بەوە کردووە، ئامادەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانن، بەڵام لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکان و تاوەکوو ئێستەش بۆ ئەو مەبەستە، پەیوەندییان پێوە نەکراوە.
ئەپیکور باسی لەوەش کردووە، کۆمپانیاکانی ئەندام لە کۆمەڵەکە ئامادەن دەستبەجێ دەست بە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بکەنەوە، بەڵام ئەو کاتەی ڕێککەوتنی فەرمی کرا و دڵنیاییش لە پارەدان بۆ تێچووی هەناردەکردنی نەوت لە ڕابردوو و داهاتوودا درا، بەمەرجێک ڕێککەوتنەکە هاوسەنگ بێت لەگەڵ مەرجە دارییەکانی کۆمپانیاکان.
لای خۆیەوە مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور بە کوردستان24ـی گوت "تاوەکوو ئێستە ڕێککەوتنی نووسراو سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان نییە. تا ڕێککەوتنی نووسراویش نەکرێت، ئامادە نین دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکەین."
ئەمە لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ هەینی، حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری نەوتی عێراق، لە کاتی بەسەرکردنەوەی بەندەری "خۆر ئەلزوبەیر" لە پارێزگای بەسرە، ڕایگەیاند "لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان ڕادەگەیەنین."
بە گوتەی وەزیری نەوتی عێراق "لە هەنگاوی یەکەمدا، کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی فیدراڵی (سۆمۆ) ڕۆژانە 185 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەفرۆشێت تاوەکوو هەنگاو بە هەنگاو دەگاتە ئەو بڕە نەوتەی لە بودجەی گشتیی فیدراڵیدا ئاماژەی پێ دراوە."
لە ئاداری 2023وە، هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری دیکەی کەرکووک لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە وەستاوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس لە بەرژەوەندیی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق.
بەپێی ئامارەکان، لەو ڕۆژەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، تا ئێستە زیاتر لە 21 ملیار دۆلار زیانی دارایی بە گەنجینەی حکوومەتی عێراق گەیشتووە.
زیانە ملیار دۆلارییەکانی ڕاگرتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان وایکردووە دۆخێکی سەختی ئابووری دروستبێت. بەردەوامی ئەم دۆخە جگە لە زیانی زیاتر، هیچ سوود و قازانجێکی بۆ کەس نەبووە.