وەزارەتی کارەبا چەند هەواڵێکی چەواشەکارانە ڕەت دەکاتەوە
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەواڵی نا دروستی چەند پەیج و ئەکاونت و پلاتفۆرمێکی سۆشیال میدیا ڕەت دەکاتەوە و بە چەواشەکارانە وەسفی دەکات.
هەینی، 28ـی شوباتی 2025، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا دەڵێت: لە هەندێ پەیج و ئەکاونتی پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا، هەواڵی ناڕاست و چەواشەکارانە بە ناوی وەزارەتی کارەبا و فەرمانگەکانییەوە لەبارەی دۆخی کارەبا بڵاو دەکرێنەوە.
وەزارەتی کارەبا تەنیا لە رێگەی گوتەبێژ و پەیجە فەرمییەکەیەوە، زانیاری و داتای پێویست لەبارەی کار و چالاکی و بڕیار و لێدوان و ڕەوشی کارەبا بڵاو دەکاتەوە.
دەشڵێت: وەزارەتی کارەبا لە ماوەکانی ڕابردوودا دەستی بە پرۆژەی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری کردووە و لەو شوێنانەی لە پلانەکەی دایە، سەرکەوتوو بووە لە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری.
لە بەرانبەر هەر جۆر هەوڵێک بۆ بە لاڕێدا بردنی ڕای گشتی و پێدانی زانیاریی هەڵە لە بارەی دۆخی کارەبا، رێوشوێنی یاسایی دەرهەق ئەو کەس و لایەنانە دەگرینە بەر.