وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێشوازیی لە بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکات

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران

وەزارەتی دەرەوەی ئێران پەیامەکەی عەبدولڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆ دانانی چەک بە هەنگاوێکی دژی توندوتیژی لە قەڵەم دا.

هەینی، 28ـی شوباتی 2025، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، هەر پرۆسەیەک ببێتە هۆی ڕاوەستانی تیرۆریزم و پەرەپێدانی ئاسایشی وڵاتی دراوسێمان، تورکیا، لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێشوازیی لێ دەکرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هیوای خواستووە ئەو گۆڕانکارییە لە ئاستی ناوچەکەشدا کاریگەریی ئەرێنیی لێ بکەوێتەوە.

پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، شاندی ئیمڕاڵی پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.

ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو، پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبوو، پێویستە پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشێنتەوە و کۆنگرە ببەستێت.