پەکەکە ئاگربەستی ڕاگەیاند

کۆمیتەی جێبەجێکاری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە وەڵامی پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ئاگربەستی ڕاگەیاند و جەخت دەکاتەوە، تا ئەو کاتەی هێرش نەکرێتە سەریان هیچ چالاکییەکی چەکداریان نابێت. ئازادکردنی ئۆجەلانیشیان کردووەتە مەرجی بەستنی کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە.

میدیاکانی سەر بە پەکەکە ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکەیان بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە" پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان لە 27ی شوباتی 2025، ڕێگای هەموو هێزەکانی ئازادی و دیموکراسی ڕوون دەکاتەوە و مانیفێستێکی سەردەمیانەیە و گرنگه ناوەرۆکەکەی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکرێت، هەربۆیە پێویستە هەموو کەسێک ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی خۆی بەجێ بگەیەنێت.

پەکەکە جەخت دەکاتەوە، کە راستەوخۆ بە ناوەرۆکی بانگەوازەکە پابەند دەبن و کار دەکەن بۆ جێبەجێکردنی، بەڵام بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دەبێت مەرجەکانی سیاسەتی دیموکراسی و زەمینەی یاسایی دابین بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمیتەی جێبەجێکاری پەکەکەدا هاتووە "لەمەودوا ئاگربەست ڕادەگەیەنین بۆ ئەوەی داوای ئاشتی و کۆمەڵگایەکی دیموکراتی بکەین تا ئەو کاتەی هێرش نەکرێتە سەرمان، هیچ هێزێکمان چالاکی چەکداری ناکات". 

هەروەها ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ بەستنی کۆنگرە و ئاماژەیداوە، ئامادەین کۆنگرە بکەین، بەڵام بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە دەبێت هەلومەرجی گونجاو دابین بکرێت و بۆ سەرکەوتنی کۆنگرە پێویستە عەبدوڵڵا ئۆجەلان خۆی کۆنگرە بەڕێوە ببات.

پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕاڵی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.

ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی خوێندەوە و ڕایگەیاند، پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، پێویستە پەکەکە چەک دابنێت و کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵوەشێنتەوە.

هاوکات ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەرپرسیارەتی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرێت و گەرەنتی گفتوگۆی ئاشتی دەکات.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment