دلاوەر عەلائەدین: کوردی باشوور دەیانەوێت سوود لە پەیامەکەی ئۆجەلان وەرگرن

دلاوە عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتیوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) دەڵێت: کوردانی باشوور دەیانەوێت سوود لە پرۆسەی ئاشتی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و تورکیا وەربگرن کە هەردوولا ساڵانێکە لە ناوچە شاخاوییەکانی باشووری کوردستان رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.
دلاوە عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتیوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) وتارێکی بۆ ڕۆژنامەی(الشرق الاوسط) لەبارەی پەیامەکەی عەبدولڵا ئۆجەلان بۆ دانانی چەک و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە نووسیووە، لە وتارەکەیدا دلاوەر عەلائەدین دەڵێت: هەوڵە نوێکانی ئۆجەلان و ئەردۆغان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان پەرۆشیان پێوە دیارە، ئەگەر هەوڵەکە سەربکەوێت، دەکرێت ببێتە فاکتەری دووبارە داڕشتنەوەی تەواوی داینامیکی ناوچەیی، ئامانجەکانی سەرکردایەتی تورکیا ڕوونە کە دانانی چەکە لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان، هاوکات لادانی بەربەستە ئەمنییەکانی بەردەم پەیوەندییەکانی تورکیایە لەگەڵ دراوسێکانی لە باشوور، سەرباری باشترکردنی ئابووری و باشکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕۆژئاوا، ئەو هەوڵانەش لە کاتێکی گونجاودایە کە وڵاتەکە بەرەو هەڵبژاردن دەچێت.
دلاوەر عەلائەدین نووسیوویەتی: پەیوەست بە عێراق و کوردانی عێراق، دەیانەوێت سوودی زۆر لە پرۆسەی ئاشتی ببینن، باس لەوەش دەکات، هێزە چەکدارەکانی سووپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان بنکەی سەربازیی خۆیان لە هەرێمی کوردستان دامەزراندووە، ناوچە شاخاوییەکانیش بوونەتە شوێنی ڕووبەڕووبوونەوە توندەکانی نێوان هەردوو هێزەکە.
لەبارەی دۆخی سووریاوە، دلاوەر عەلائەدین دەڵێت: سەرکردەکانی کورد لە سووریا دەزانن کە ئەنقەرە و دیمەشق ڕێگە بە سیستەمێکی فیدراڵی و یاخوود شێوەیەک لە شێوەکانی خۆ بەڕێوەبردن نادەن، لەگەڵ ئەوەشدا دەیانەوێت سیستەمی خۆ بەڕێوەبردن هەمووار بکەنەوە بۆ تەواوی ناوچەکانی سووریا، سەرباری ئەوە مامەڵەی سەرکردەکانی سووریای نوێ لەگەڵ کورد ئاساییە.