دەم پارتی: بڕیارەکەی پەکەکە جێگەی دڵخۆشییە
گولستان کڵچ، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە پەرلەمانی تورکیا پێشوازی لە بڕیاری ئاگربەستی پەکەکە دەکات و داوا لە پەرلەمان دەکات " هەنگاوی خێرا بنێت و بەرپرسیارێتی دۆخەکە بگرێتە ئەستۆ".
بەرە بەیانی ئەمڕۆ شەممە 1ی ئاداری 2025، کۆمیتەی جێبەجێکاری پارتی کرێکارانی کوردستان هەڵوێستی خۆی بۆ دەمەوە چوونی پەیامەکەی ئۆجەلان دەربڕی ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە ئاگربەستی شەڕ بەرانبەر بە تورکیا جێبەجێ دەکەن و پابەندی ناوەرۆکی پەیامەکەی ئۆجەلان دەبن.
گولستان کڵچ کۆچیغیت لە میانی بەشداربوونی لە بەرنامەی گەفتە سۆنۆی کەناڵی سەباحی تورکییەوە گوتی: پەیامەکەی ئەمڕۆی پەکەکە بۆ بانگەوازەکەی ئۆجەلان هەنگاوێکی مێژووییە و وەک هەنگاوی یەکەم ئاگربەستیان ڕاگەیاند، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوون و ئاشکرایە کە بە خێرایی پەیامەکەی ئۆجەلان جێبەجێ دەکەن.
کڵچ ڕاشیگەیاندووە، هەرچەندە ئەم بانگەوازە لە بنەڕەتدا چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لەخۆدەگرێت، بەڵام شتێکی دیکەش دەڵێت. کە بانگەوازێکە بۆ دیموکراسیکردنی دەوڵەت، بۆ ئەوەی دەوڵەت هەستیار بێت بەرامبەر بە دیموکراسی، بۆ ئەوەی دەوڵەت سیستەمێکی دیموکراسی دابمەزرێنێت کە هەموو گەلان و هەموو بیروباوەڕەکان و هەموو پێکهاتەکانی نیشتەجێی وڵات لەخۆ بگرێت.
کڵچ ڕاشیگەیاندووە، ئێستا کاتی هاتووە پەرلەمان بە گوێرەی ئەو دەسەڵات و بەرپرسیارێتییەی هەیەتی، بە ڕۆڵی ئەرێنی خۆی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە هەڵسێت و هەنگاوی خێرا و پێویست بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەکە و سەرخسینی ئاشتی بگرێتەبەر.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 1ی ئاداری 2025، کۆمیتەی جێبەجێکاری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پابەندبوونی خۆی بە جێبەجێکردنی ناوەرۆکی پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان بۆ ئاگربەستی ڕاگەیاند و بۆ بەستنی کۆنگرەی خۆ هەڵوەشاندنەوەش داوای ئازادکردنی ئۆجەلان دەکەن بۆ ئەوەی سەرپەرشتی کۆنگرەکە بکات.