حەماس: هیچ ڕێککەوتنێک دەربارەی قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە نییە

چەکدارێکی بزووتنەوەی حەماس
چەکدارێکی بزووتنەوەی حەماس

بزووتنەوەی حەماس ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند: ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ نەکراوە دەربارەی قۆناغی دووەمی ئاگربەستی سەر کەرتی غەززە و ئاڵوگۆڕکردنی دیل و بارمتەکان.

حازم قاسم، گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند: بزووتنەوەکەی ئەوەی ڕەت کردووەتەوە قۆانغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە درێژ بکاتەوە بەو شێوازەی ئیسرائیل دەیەوێت، دەشڵێت: ئیسرائیل بەرپرسە لە دەسپێنەکردنی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە.

ئەمڕۆ دوای 42 ڕۆژ، قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە بۆ ئاڵۆگۆڕی دیل و بارمتەکان کۆتایی دێت، ئیسرائیلیش دەیەوێ قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە درێژ بکرێتەوە، حەماسیش پێداگری لە دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە دەکات کە پەیوەستە بە کۆتایی هاتنی شەڕ.

قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە دەربارەی کۆتایی هێنانە بە شەڕ، لەگەڵ ئەوەشدا ئازادکردنی تەواوی بارمتەکانی ئیسرائیل کە تا ئێستاش لەدەستی حەماسدا ماون و تا ئێستا لە ژیانن، هاوکات کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، بارمتە کوژراوەکانیش، لە قۆناغی سێیەمی ڕێککەوتنەکە، تەرمەکانیان ڕادەستی ئیسرائیل دەکرێتەوە.

ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت: تا ئێستا 59 بارمتە لە دەستی حەماسدا ماون و پێیان وایە 24 لەو بارمتانە لە ژیاندا مابن.

قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی کەرتی غەززە لە 19ـی کانوونی دووەمی 2025 چووە واری جێبەجێکردن کە 33 بارمتەی ئیسرائیل لەلایەن حەماسەوە ئازاد کران کە لەنێویاندا 8 تەرم هەبوون، لە بەرامبەردا ئیسرائیل نزیکەی هەزار دیلی فەڵەستینی ئازاد کرد.

پێشبینی دەکرێت ئیسرائیل لە بەرەی فیلادلفیا لەنێوان کەرتی غەززە و میسر ئەمڕۆ بکشێتەوە، پرۆسەی کشانەوەکەشی 8 ڕۆژ دەخایەنێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment