داعش هێرشی کردە سەر هەسەدە
شانەکانی داعش هێرشیان کردە سەر دوو خاڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) بێ ئەوەی هێرشەکان هیچ زیانێکیان لێ بکەوێتەوە، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی داعش لە ناوچەکە دەستی بە جالاکییەکانی کردووەتەوە.
شەممە 1ـی ئاداری 2025، ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، شانەکانی داعش لە هێرشی یەکەمدا لەسەر ماتۆڕسکیل دەستڕێژیان لە خاڵێکی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەسەر پردی مەراشدە لە شارۆچکەی سوسەی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور کردووە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی لێ بکەوێتەوە.
لە هێرشێکی دیکەشدا، چەکدارانی داعش هێرشیان کردووەتەوە سەر بارەگایەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەسەر ڕێگەی گشتی نێوان نەملیە و باکووری دێرەزوور، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێ بکەوێتەوە.
ڕوانگەی سووری ئاشکرای دەکات، لە ساڵی 2025، چەکدارانی داعش 29 هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر، هێرشەکانیش لەڕێگەی تەقینەوە و هێرشی چەکدارییەوە بووە، بەهۆی ئەو هێرشانەش 8 ئەندامی هێزەکانی سووریای دیموکرات کوژراون، لەگەڵ ئەوەشدا 4 چەکداری گرووپی داعش کوژراون، 21 هێرشی داعش لە دێرەزوور کراوە کە تێیدا 6 سەرباز کوژران و 6ـی دیکەش برینداربوون، 7 هێرشیش لە حەسەکە کراوە کە بووە هۆی کوژرانی 2 کەس لە هێزە ئەمنییەکان و 2ـی دیکەش برینداربوون، سەرباری ئەوەی 4 چەکداری داعش کوژران، لە ڕەقەش داعش هێرشی کرد و پیاوێکی ئاسایش بەهۆی هێرشەکە بریندار بوو.