سەرمای توند و کەمیی باران بەرهەمی جووتیارانی دهۆکی کەم کردووە
ئەمساڵ، سەرمای توند و کەمیی باران، زیانێکی زۆری بە بەرهەمی جووتیارانی سنووری پارێزگای دهۆک گەیاندووە. شارەزایەکی بواری کشتوکاڵیش داوا لە جووتیاران دەکات خۆیان لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا بگونجێنن.
حەکیم عەبدولڕەحیم، جووتیارێکی سنووری پارێزگای دهۆکە بە بێوار حلمی، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەگەر باران زۆر ببارێت، بەرهەمی دارەکانمان زۆر باش دەبێت، چونکە بە باشی ئاو دەدرێن، بەڵام کە باران نابارێت و ئاویش نەبێت، زیانێکی زۆر بەر بەرهەمەکانمان دەگات و بەشی زۆری لەنێو دەچێت."
هەر چەندە خاکی سنووری پارێزگای دهۆک بۆ کشتوکاڵ گونجاو و بەپیتە، بەڵام بە گوتەی شارەزایانی بواری كشتوکاڵ، پێویستە جووتیاران خۆیان لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا بگونجێنن و تەنها ئەو دارانە بچێنن کە بەرگەی سەرما و کەمیی باران بگرن.
ساڵح ئیسماعیل، شارەزای بواری کشتوکاڵ بە کوردستان24ـی گوت "باشتر وایە ئێستە لە ناوچەکەمان زیاتر دارەکانی گێلاس، سێو، هەنجیر و گوێز بچێنرێن، چونکە بەرگەی سەرمای توند و کەمیی باران دەگرن. هاوکات داوا لە حکوومەتیش دەکەین، هاوکاریی جووتیاران بکات و پاڵپشتی دارایی و پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکات، بۆ ئەوەی بتوانن لەسەر کارەکانیان بەردەوام بن."