ئیسرائیل لە زیادبوونی هەژموونی تورکیا لە سووریا نیگەرانە.. "سنوورێکی بۆ دادەنێت"

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا (ئەرشیف)
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا (ئەرشیف)

ئیسرائیل دەیەوێت پەرە بە پەیوەندییە سەربازی و سیاسییەکانی لەگەڵ ڕووسیا بدات، بە ئامانجی سنووردارکردنی هەژموونی تورکیا لە سووریا. 

ڕۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرۆنۆت" لەسەر زاری ژمارەیەک سەرچاوە ئاماژەی بەوە کردووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕومان گۆفمان، سکرتێری سەربازیی خۆی ناردووەتە مۆسکۆ. 

گۆفمان، بە یەکێک لە ڕاوێژکارە هەرە نزیکەکانی ناتانیاهۆ دادەنرێت و تاوەکوو ئێستە سەرپەرشتیی چەندان ئۆپەراسیۆنی نهێنیی ئیسرائیلی کردووە.  

بە گوێرەی ڕۆژنامەکە، ئامانجی چوونی سکرتێرە سەربازییەکەی ناتانیاهۆ بۆ مۆسکۆ، ڕێکخستنی ژمارەیەک کۆبوونەوەی گرنگی دیپلۆماسی و سیاسی بووە لە نێوان سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و بەرپرسانی ڕووسیا بە ئامانجی "پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و پتەوکردنی پەیوەندییەکان و زیادکردنی هەماهەنگیی لە نێوان مۆسکۆ و تەلئەڤیڤ."

ئەو بەرپرسانەی قسەیان بۆ ڕۆژنامەکە کردووە، ئەوەیان خستووەتە ڕوو "ئیسرائیل لە زیادبوونی هەژموونی تورکیا لە سووریا نیگەرانە و دەیەوێت لە ڕێگەی پتەوکردنی پەیوەندییە سەربازی و سیاسییەکانی لەگەڵ ڕووسیا، سنوورێک بۆ ئەو هەژموونە دابنێت. هەروەها پێی باشترە، ڕووسیا کۆنترۆڵی دیمەشق بکات، نەک تورکیا."

ڕۆژنامەکە جەختی لەوە کردووەتەوە "تورکیا دەیەوێت ژمارەیەک بنکەی سەربازیی نوێ لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع دابمەزرێنێت، مەشق و ڕاهێنان بە گرووپە چەکدارەکانی سووریا بکات و ئاسمانی ئەو وڵاتەش لە هێرشی ئاسمانیی بپارێزێت. ئەمەش ئیسرائیلی زۆر نیگەران کردووە و وەکوو هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی پێناسەی دەکات."

لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی ڕۆیتەرز، پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەک، باسی لەوە کردووە "ئیسرائیل داوای لە ئەمەریکا کردووە سووریا بە لاوازی بمێنێتەوە و ڕێگە بە ڕووسیاش بدات، بنکە سەربازییەکانی لەو وڵاتە بهێڵێتەوە تاوەکوو لەو ڕێگەیەوە ڕووبەڕووی هەژموونی تورکیا ببنەوە کە هەوڵ دەدات لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا هاوپەیمانییەکی ئەمنی دروست بکەن."

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی شەممە، 01-03-2025، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، ڕژێمی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع بە  "توندڕه‌و" ناو برد و جەختی لە پاراستنی درووزه‌كانی سووریا کردەوە و گوتی: ئه‌گه‌ر هێرش بكرێته‌ سه‌ر درووزه‌كان وه‌ڵاممان ده‌بێت و بێده‌نگ نابین." باسی له‌وه‌ش كرد "به‌رگریی له‌ دانیشتووانی جه‌ره‌مانا له‌ باشووری دیمه‌شق ده‌كه‌ین.