لە هەرێمی کوردستان 21 قوتابخانەی و دوو پەیمانگای ئایینی هەن

لە هەرێمی کوردستان 21 قوتابخانەی و دوو پەیمانگای ئایینی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەن.
یەکشەممە، 2ـی ئاداری 2025، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە هەرێمی کوردستان 21 قوتابخانەی و دوو پەیمانگای ئایینی تایبەت هەن، کە سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستانن.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف، گوتیشی: لە هەر چوار پارێزگای هەرێم، قوتابخانەی ئایینی هەن و قوتابییان لە پۆلی حەوتەمی بنەڕەتییەوە، لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ دەتوانن تێیدا بخوێنن، زۆرینەی مامۆستا و فەرمانبەرەکانیشی میلاکن و هەمیشەیین، بەشێکیشیان گرێبەستن.
لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر داواکاری وەزارەتی ئەوقاف، سەرجەم قوتابخانە و پەیمانگە ئایینیەکان لە وەزارەتی پەروەردەوە گواسترانەوە بۆ سەر وەزارەتی ئەوقاف.
ڕۆژی پێنجشەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری دا، سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ لە قوتابخانە ئایینییەکان بکاتە گرێبەست.