ئەحمەد تورک: بەهێزبوونی برایەتیی کورد و تورک، تورکیا دەکاتە بەهێزترین وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئەحمەد تورک لە نوێترین لێدوانیدا لەبارەی پرۆسەی ئاشتی دەڵێت: تورک پێویستی بە کوردە، کوردیش پێویستی بە تورکە؛  پێویستە هەموو کەسێک بەو لۆجیکە مامەڵە بکات.

ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری کورد و سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، کە لە دوایین دیداری شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمرالی، لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆ بووەوە و پەیامەکەی ئۆجەلانی بە زمانی کوردی خوێندەوە، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا باسی لە پەیامەکە و پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان کرد. 

ئەو سیاسەتمەدارە کوردە بە پێویستی دەزانێت "پەکەکە لە کۆنگرە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و لەمەودوا دەبێت هەنگاو بنرێت بۆ بەهێزکردنی برایەتی و دۆستایەتی مێژوویی تورک-کورد." ئاماژەی بەوەش کردووە "ئەگەر تورکیا سیاسەتێکی گشتگیر پەیڕەو بکات، ئەوا برایەتیی هەزار ساڵەی تورک-کورد بەهێزتر دەکات و دەبێتە بەهێزترین دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."

بە گوتەی ئەحمەد تورک "ئەو بابەتانەی ئاسوودەیی بە کۆمەڵگە دەبەخشێت ئەوەیە، ئەمڕۆ هەزاران کەس بە ناڕەوا و نایاسایی لە زینداندان، دەبێت ئەمە چارە بکرێت. هەروەها پێویستە ژینگەیەک دروست بکرێت کە زمانی کوردی بە ئازادی گەشە بکات. سەبارەت بە پێکهێنانی تورکیایەکی فرە کولتووری ئەمە هەنگاوێکە و پێویستە بنرێت."

سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین جەخت لە بەردەوامیی هەوڵەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی دەکاتەوە و دەڵێت: با پارتە سیاسییەکان، هێزە چەکدارەکان و هێزە دیموکراسیەکانەوە پێویستە ئەوە بزانن. تورک پێویستی بە کوردە، کوردیش پێویستی بە تورکە؛ پێویستە هەموو کەسێک بەو لۆجیکە مامەڵە بکات."

دەم پارتی: ژمارەیەک کۆبوونەوەی باڵا بۆ هێنانەکایەی پرۆسەی ئاشتی بەڕێوە دەچن

ڕۆژی شەممە، 01-03-2025، سرری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەسەر فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند  "بەشە سەختەکەی پرۆسەی ئاشتی کۆتایی هات و بەم نزیکانە زنجیرە کۆبوونەوەیەک بە بەشداریی بەرپرسانی حکوومەت و سیاسەتمەداران دەکرێن و زۆر شت ڕوونتر دەبنەوە و دەگەنە ئەنجام."

بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا هیواشی خواست لە سێ مانگی داهاتوودا هەموو شتێک یەکلایی بکرێتەوە. ئــەوەشی خستە ڕوو  "ئەگەر کارەکان بە دڵسۆزی و جددی بەڕێوە بچن، هەنگاوە دیموکراسییەکان، یەک لە دوای یەک دێنە ئاراوە."

پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە

پێنجشەممە، 27-2-2025، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئیستەنبووڵ، پەیامی ئاشتیی ئۆجەلانیان بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاند. ئەحمەد تورک پەیامەکەی بە زمانی کوردی و پەروین بوڵدانیش بە زمانی تورکی خوێندەوە. ئەوەش دوای ئەوەی شاندە حەوت کەسییەکە هەمان ڕۆژ و بۆ جاری سێیەم سەردانی ئیمرالییان کرد.

 ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا باسی لەوە کرد "لە کەشوهەوای ئێستادا، کە بە بانگەوازی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی دروست بووە و ئەو ئیرادەیەی کە بەڕێز سەرۆک کۆمار نیشانی داوە و هەڵوێستە ئەرێنییەکانی پارتە سیاسییەکانی دیکە بەرامبەر بەم بانگەوازە، من بانگەواز بۆ چەکدانان دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە دەگرمە ئەستۆ."

ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە ئاماژەی بەوەش کرد "داڕمانی سۆسیالیزمی واقیعی لە ساڵی نەوەدەکاندا بە هۆی نێوخۆوە، کۆتاییهاتنی نکۆڵیکردن لە ناسنامەی کوردی لە وڵاتەکەدا، ئەو بەرەو پێشچوونانەی لە بواری ئازادیی ڕادەربڕیندا هاتوونەتە کایەوە، هەموو پێکەوە بوونەتە هۆی ئەوەی پەکەکە نێوەرۆک و مانای بوونی خۆی لە دەست بدات و بەبەردەوامی خۆی دووبارە بکاتەوە. لەبەرئەوە پەکەکە تەمەنی کۆتایی هاتووە و هەڵوەشاندنەوەی بووەتە زەروورەت."