پەرلەمانتارێک: کێشانی جگەرە و نێرگلە بۆ تەمەنی خوار 18 ساڵی قەدەغە دەکرێت

دووشەممە، 3ـی ئاداری 2025، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمان، جەختی لەسەر گرنگی یاسای تووتن لە پەرلەمانی عێراق کردەوە، کە یاساکە چەندین ماددەی لەخۆ گرتووە و بەشدارن لە زیادکردنی داهاتی دارایی دەوڵەت.
ماجید شنگالی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمان بە میدیای ناوخۆیی ڕاگەیاند، یاساکە جگەرە کێشان و نێرگەلە بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوەیە قەدەغە دەکات، جا لە شوێنی گشتی بێت یان تایبەت، هەروەها کێشانی جگەرە لەناو ئۆتۆمبێلدا قەدەغە دەکات، ئەگەر یەکێک لە سەرنشینەکان تەمەنی لە خوار 18 ساڵەوە بێت.
شنگالی، ئاماژەی بەوەش کردووە، یاساکە سزای توندی لەخۆ گرتووە بەرامبەر بەو کۆمپانیانانەی ئەو بەرهەمانە هاوردە دەکەن کە لەگەڵ تایبەتمەندییە ستانداردەکاندا ناگونجێت. ئەمە جگە لە سەپاندنی باجی بەهای زیادکراو و دانانی ستیکەرێکی ئەلیکترۆنی لەسەر پاکەتی جگەرەی هاوردەکراو بۆ دڵنیابوون لە هاوردەکردنیان بەپێی ڕێکارە فەرمییەکان.
شنگالی، دەشڵێت: 100%ی ئەو جگەرانەی بە ڕێگەی نافەرمیی هاتوونەتە ناو عێراقەوە باجی گومرگیان نەداوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بازرگانی نایاسایی تووتن، بە چەندین ملیار دینار مەزەندە دەکرێت.