هەموو ڕۆژێک ڕۆژی پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکان و پاراستنی ژینگەیە لە بارزان

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکانە، لە دەڤەری بارزانیش، هەموو ڕۆژێک ڕۆژی پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکان و پاراستنی ژینگەیە.

 زیاتر لە 100 ساڵە پاراستنی ژینگە لە قەدەغەی داربڕین و زیانگەیاندن بە سروشت و ڕاوی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی لە دەڤەری بارزان پەیڕەو دەکرێت، لەو دەڤەرە، ئاژەڵ و باڵندەی کێوی لە ئاسایشی تەواو دان، دانیشتووانەکەی بوونەتە ژینگەپارێز.

دەڤەری بارزانی بووەتە نموونەیەکی جوان و دیاری ژینگەپارێزی هەرێمی کوردستان و عێراق، تەنانەت بۆ وڵاتانی دەورووبەریش.

حەسەن خاڵی، فەرماندەی ژینگەپارێزی بارزان دەڵێت: ئەو ڕاوچییانەی چەند کەوێکیان ڕاوکردبوو، بەسزای خۆیان گەیشتن، هەر کەوێکیش لە دەستی ڕاوچییەکان بگرین، کەوەکە دەگەڕێنینەوە نێو سروشت، بەداخەوە کە ڕاوچییەکان پەڕ و باڵی کەوەکانیانه بڕیبوون، بۆیە چاودێرییان دەکەین تاکوو پەڕ و باڵیان دێنەوە، ئینجا دەیاننێرینەوە نێو سروشت.

زیاتر لە 100 ساڵە لە دەڤەری بارزان ئاژەڵ و باڵندەی کێوی لە ئاسایشدا دەژین، لە بارزان ژینگە پارێزراوە، ئەمەش بێ پلانی پێشووەختە نەبووە، زۆرینەی دانیشتووانی دەڤەرەکە ژینگە پارێزن.

هێرش ڕەشیدی ژینگە پارێز دەڵێت: لەسەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ ئەحمەد بارزانی، بڕیار لەسەر ئەوە دراوە دەبێت ژینگە و باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان بپارێزرێن، لەو کاتەوە تا ئێستا پاراستنی ژینگە و ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان بوونەتە کلتوور لە ناوچەکە.

محەممەدەمین ئەحمەدی ژینگەپارێز گوتی: ژینگە پاراستن ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆڤایەتییە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دانانی ئەو سیستەمەی پێشووتر لە ناوچەکە داندراوە، خەڵکی ناوچەکە هۆشیارکراوەتەوە لە پاراستنی ژینگەی ناوچەکەیان،دەشڵێت: ئێستا ئێمە ئەوە بە ئەرک نازانین و بە فشاری نابینین لەسەرمان، هەر کەسێک دەبێت ئەوە بزانێت کە ئەرکێکی مرۆڤایەتییە و پێویستە ئەو ژینگەیە بپارێزێت.

ئاژەڵە کێوییەکان لە دەڤەری بارزان هەر کاتێک پێویستییان بە فریاگوزاریی بێت، مرۆڤەکان بەهانایانەوە دەچن و پێشمەرگەکانی ژینگەپارێزی لێ ئاگەدار دەکەنەوە، ئەوانیش چاودێری و خزمەت تا دەگاتە چارەسەری تەندروستیشیان بۆ دەکەن.

 

 
 

Fly Erbil Advertisment