ناتانیاهۆ: ئەگەر حەماس بارمتەکان ئازاد نەکات، ئەنجامێکی زۆر خراپی دەبێت
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پەرلەمانی وڵاتەکەی (کنێست) هەڕەشە لە حەماس دەکات و دەڵێت ئەگەر بارمتەکان ئازاد نەكات، ئەنجامێکی زۆر خرابی دەبێت.
دووشەممە 3ـی ئاداری 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە گوتارەکەیدا لە کنێست ڕایگەیاند، ئەگەر حهماس بارمتەکان ئازاد نەکات، دەرئەنجامێکی وای دەبێت بەهیچ شێوەیەک پێشبینی نەکرێت.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بەشێکی دیکەی قسەکانی ئاماژەشی دا، بە پشتگیری ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، ئامادەکاریی بۆ قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە دەکەن.
هەروەها گوتیشی: بە تەواوی پشگیریی لە پێشنیازەکەی ترەمپ بۆ بونیاتنانەوەی غەززە دەکەن و کاتی ئەوە هاتووە بژاردەکان بۆ بەجێهشیتنی هاووڵاتیانی غەززە بڕەخسێندرێت.
قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە لە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، چووە بواری جێبەجێ کردن، بەڵام دەستپێنەکردنی دانوستانەکان بۆ قۆناغی دووەم، دەرگا بە ڕووی چەندین سیناریۆدا دەکاتەوە.
هەروەها ئیسرائیل دەیەوێت قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانی و بارمتەکان درێژ بکاتەوە بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی بارمتەکان ئازاد بکرێت، بەبێ ئەوەی ئەو پابەندبوونانە تەواو بکات کە لە ڕێککەوتنەکەدا بەسەریدا سەپێنراوە.
لای خۆشییەوە حەماس ئەم پێشنیازەی ڕەت کردەوە و داوای جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست دەکات کە بە واتای کۆتاییهێنان بە شەڕ لە کەرتی غەززە دێت، بزووتنەوەکە پێشنیازەکەی ئەمەریکای بە خۆدزینەوەی ئیسرائیل لەو ڕێککەوتنانە وەسف کرد کە ئیمزای لەسەر کراوە.