فەرەنسا: ڕاگرتنی جەنگ بۆ مانگێک، بۆ تاقیکردنەوەی ڕووسیایە

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند، ئاگربەستی جەنگ لە ئۆکرانیا بۆ ماوەی مانگێک، نیازی ڕووسیا بەرانبەر دەست پێ کردنی دانوستاندنەکان بۆ کۆتایهێنان بە جەنگ ئاشکرا دەکات.
دووشەممە 3ـی ئاداری 2025 ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند، پێشنیازی ڕاگرتنی جەنگ لە ئۆکرانیا بۆ تاقیکردنەوەی ڕووسیایە لە ئاستی پابەندبوون بە کۆتاییهێنان بەو جەنگەی لە ساڵی 2022 دەستی پێ کرد.
هەروەها هۆشداریشی داوە جەنگی ئۆکرانیا لە سنوورەکانی ئەورووپا نزیک دەبێتەوە.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەشیدا، ئەم ئاگربەستە نیازی ڕووسیا بەرانبەر دەست پێ کردنی دانوستاندنەکان بۆ کۆتایهێنان بە جەنگ ئاشکرا دەکات.
ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دوای لووتکەی لەندەن گوتی: پێشنیازی ڕاگرتنی جەنگ تەنیا شەڕی ئاسمانی و دەریای و ژێرخانی وزەکان دەگرێتەوە، واتە بۆ قۆناغی سەرەتایی شەڕی زەمینی ڕاناگیرێت.
ڕۆژی یەکشەممە 2ـی ئاداری 2025، لووتکەی لەندەن، سەرۆکی ئۆکرانیا، سەرۆکی فەرەنسا، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، سەرۆکی کۆمیسیاری یەکێتیی ئەورووپا و سەرۆکی هاوپەیمانی ناتۆ و چەند سەرکردەیەکی دیکەی لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆ کردەوە و جەختیان لە بەردەوامی پشتیوانییەکان بۆ ئۆکرانیا کردەوە.
کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاش ڕایگەیاند، لەگەڵ فەرەنسا کار لەسەر ئەوە دەکەن پێشنیازێکی ئاشتی بۆ ڕاگرتنی شەڕ بۆ ماوەی مانگێک لە ئۆکرانیا پێشکەشی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بکەن.