ئەندامێکی پەرلەمانی ئەورووپا: ئەمەریکا لە ناتۆ ناکشێتەوە تەنها دەیەوێت ئەورووپا بترسێنێت

بیرۆکەی کشانەوەی ئەمەریکا لە ناتۆ، لەناو ئەندامانی پەرلەمانی ئەورووپادا، کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە. پەرلەمانتارێک دەڵێت: ئەورووپا دەبێت بەئاگابێتەوە، بەرگریی لە خۆی بکات و چاوی لە دەستی ئەمەریکا نەبێت.
ڕۆژی یەکشەممە، 02-03-2025، بەبێ بەشداریی ئەمەریکا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک سەرکردەی ئەورووپایی و جیهانی، کۆنفرانسی (ئاسایشی ئێمە لە داهاتوودا) لە لەندەن بەڕێوە چوو.
ئیڤایلۆ ڤالچێف، ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "کۆنفرانسەکە پەیامێک بوو بۆ ئەمەریکا، هەروەها بیرۆکەی چوونە دەرەوەی ئەمەریکا لە ناتۆ مانای ئەوەیە ئەورووپا دەبێت ئامادە بێت بەرگریی لەخۆی بکات."
بیرۆکەی کشانەوەی ئەمەریکا لە ناتۆ، هێشتا تەواوی سەرکردە ئەوروووپییەکانی نەگەیاندووەتە ئەو بڕوایەی بیرۆکەکە دەبێت بە کردار، بەڵكوو هەندێکیان بڕوایان وایە، ئەمە هەر تەنیا ترس و هەڕەشەیە.
بوخێت مارکوس، ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا بە کوردستان24ـی گوت: پێم وا نییە ئەمەریکا لە ناتۆ بکشێتەوە، بەڵام بڕوام وایە ئەمەریکا بەم ڕێگایە دەیەوێت فشار و ترس بخاتە سەر ئەورووپییەکان بۆ ئەوەی پارەی زیاتر تەرخان بکەن بۆ ناتۆ و ئاسایشی ئەورووپا. ئەمەریکا نایەوێت بەپارەی خۆی بەگریی لە وڵاتی تر بکات.
دوای ڕاگرتنی پاڵپشتی و هاوکاریی ئەمەریکا بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئێستە بیرۆکەی کشانەوەی ئەمەریکا لە ناتۆ پێشکەشی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا کراوە، ئەمەش ترسی لای ئەورووپاییەکان دروست کردووە.