ڕەنگە کۆبوونەوەی تایبەت سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، دوا بخرێت
بڕیار بوو ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بەڕێوە بچێت، بەڵام ڕەنگە بەهۆی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراقی کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی تر دوا بخرێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: ڕەنگە کۆبوونەوەی وەزارەتی نەوتی عێراق و نوێنەرانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی هەشت کۆمپانیای نەوتی بەهۆی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، بۆ کاتێکی تر دوا بخرێت.
هاوکات، تاوەکوو ئێستا نووسینگەی وەزیری نەوت هیچ ئاگادارییەکی سەبارەت بە دواخستنی کۆبوونەوەکە بڵاو نەکردووەتەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ 4ـی ئاداری 2025 کاتژمێر 11، لە وەزارەتی نەوتی عێراق، لەسەر دەست پێ کردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، نوێنەرانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی هەشت کۆمپانیای نەوتی کۆ ببنەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی ڕێژە و جۆری کوالیتی و تێچووی نەوت و دانەوەی قەرزی یەک ملیار دۆلاریی کۆمپانیا بیانییەکان دەکرێت.
شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا گوتی: تاوەکوو ئێستا لەسەر ئەوە ڕێک نەکەوتوون کێ تێچووی هەر بەرمیلێک نەوت دەدات، لە کاتێکدا ئەگەر هەرێمی کوردستان پارەکەی بدات، بۆ هەر بەرمیلیک 32 دۆلاری لەسەر دەکەوێت.
هاوکات، کۆمپانییاکان ترسیان لەوە هەیە لە کۆبوونەوەکەدا گۆڕان لە ڕیککەوتنەکان بکرێت.
بڕیارە لەگەڵ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە کۆی 14 کێڵگە، 9 یان دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت بکەنەوە.
شەممە، 1ـی ئاداری 2025، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، بانگهێشتی هەموو ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتیانەی نەوتی کرد کە ئەندامن لە "ئەپیکور" و گرێبەستیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم، ڕۆژی سێشەممە، کە دەکاتە 4ـی ئاداری 2025. بۆ کۆبوونەوە لەبەغدا ئامادەبن.
وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، لەو بارەوە ڕاگەیەنەدراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتبوو، "ئامانجی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی بابەتەکانی پەیوەست بەو گرێبەستانەیە کە پێشتر ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە، بۆ ئەوەی بگەنە لێکگەیشتنێک بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان بە گوێرەی پراکتیزە نێودەوڵەتییەکان و بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی نیشتمانی بکات."
ڕۆژی هەینی، 28ـی شوباتی 2025، هەشت کۆمپانیای نێودەوڵەتی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن ڕایانگەیاند، هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەست پێ ناکەنەوە، سەرەڕای ئەوەی بەغدا ڕایگەیاندبوو بەم زووانە هەناردەکردنەوە نەوت دەست پێ دەکاتەوە.