حکوومەتی هەرێم 13وێستگەی نوێ تایبەت بە بوومەلەرزەزانی دابینکرد

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک وێستگەی نوێ تایبەت بە بوومەلەرزەزانی دابین دەکات و لەڕێگەی ئەم وێستگانەوە داتا و زانیاری لەسەر بوومەلەرزە تۆمار دەکرێت.

سێشەممە، 4ـی ئاداری 2025، فازڵ ئیبراهیم، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كه‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە هەرێمی کوردستان، پێشووتر تەنیا یەک وێستگەی بوومەلەرزەزانین هەبووە، ئەویش لە چیایی ئەزمەر لە سلێمانی. بۆیە حکوومەت بە پێویستی زانی ژمارەی وێستەگەکانی بوومەلەرزەزانی زیاد بکات.

فازڵ ئیبراهیم، گوتیشی: لە ئێستادا 13 وێستەگەی نوێ کاردەکەن، بەڵام لە داهاتوو پێویستی بە ژمارەیەکی دیکەی دەبێت، چونکە ڕووبەری خاکی هەرێمی کوردستان فراوانە.

سوودەکانی ئەم وێستگانە چین؟

بەڕێوەبەری کەشناسیی و بومەلەرزەزانی، ڕایگەیاند: ئەم سیستمە داتاکان کۆدەکاتەوە و شیکردنەوەشیان بۆ دەکات، بۆ لەمەودوا حکوومەتی هەرێم خۆی دەبێتە سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر هەبوونی بوومەلەرزە، نەوەک لەسەرچاوەی دیکە وەربگرێت.

فازڵ ئیبراهیم، باسی لەوەشکرد، لەڕێگای ئەم وێستەگانەوە نەخشەی ئەو شوێنانە وەردەگرین، کە زۆرترین بوومەلەرزەی تێدا ڕوودەدات و دەبێتە ئاسانکارییەک کە بزانین لەکام شوێنی هەرێم، پێشبێنی بوومەلەرزە دەکرێت.

هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری کەشناسیی و بومەلەرزەزانی، هەر کاتێک حکوومەتی هەرێم بیەوێت بەنداوێک یان پرۆژەیەک دروست بکات، لەڕێگای ئەم سیستەمەوە زانیاری وەردەگرێت، کە ئایا ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزە هەیە لەو شوێنە یان نا، ئەم ئامێرانە سەرجەمیان بە تۆڕی سەرەکی بەستراونەتەوە و بە شێوەیەکی زۆر خێرا زانیاری بۆ سەنتەر دەنێرن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment