لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق باسی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان نەکرا

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنەکە بە هیچ جۆرێک باسی پرسی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نەکراوە.
سێشەممە 4ـی ئاداری 2025، هەرچەندە بڕیاربوو لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کە ئەمرۆ بەرێوەچوو، وەزیری نەوتی عێراق پێشنیازەکانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت "ئەپیکور" بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بخاتەڕوو، بەڵام سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنەکە بە کوردستان24ـی گوت: لە کۆبوونەوەکە بە هیچ جۆرێک باسی ئەو پرسە نەکراوە.
گوتیشی: لە کۆبوونەوەکە وەزیری نەوت دەربارەی چەند پرسێک قسەی کردووە، بەڵام باسی پرۆسەی دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستانی نەکردووە، لەکاتێکدا بڕیاڕبوو ئەمڕۆ کۆبوونەوەی وەزارەتەکانی نەوت، سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نەوتییەکانی کوردستان "ئەپیکور" بەڕێوەبچیت، بەڵام بەهۆی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دواخرا.
لە کۆبوونەوەی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردووی نێوان وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و "ئەپیکور". کۆمپانیا نەوتییەکانی کوردستان ژمارەیەک داواکاریان لە وەزارەتی نەوت هەبوو بۆ پرۆسەی دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت؛ لەوانە گەرەتنی پێدانی 16 دۆلار بۆ تێچووی دەرهێنانی نەوت، ئیمزاکردنی ڕێککەوتنێک لە نێوانیان لەگەڵ پێدانەوەی قەرزی کۆمپانیاکان، هەرچەندە شاندەکەی وەزارەتی نەوت ڕایانگەیاندوو، داواکاراییەکانیان دەبنە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و لەوێ بریاری لێدەدەن، بەڵام لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆش باسی لێوە نەکرا.