سامان بەرزنجی: گەورەترین نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەولێر دەکرێتەوە

کارەکانی نەخۆشخانەی چارەسەریی شێرپەنجە خێراتر دەکرێن، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاند: زووتر لەوادەی خۆی کارەکانی نەخۆشخانەکە جێبەجێ دەکرێن.
سێشەممە، 4ـی ئاداری 2025، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: دوای دانانی بەردی بناغەی نەخۆشخانەی چارەسەریی شێرپەنجە لەلایەن سەرۆک وەزیران مەسروربارزانی، کارەکانی دروستکردنی خێراترن لەو کاتەی بۆی داندرابوو.
سامان بەرزنجی، گوتیشی: ئەم نەخۆشخانەیە دەبێتە یەکێک لە گەورەترین و پێشکەوتووترین نەخۆشخانەکانی تایبەت بە چارەسەرییەکانی شێرپەنجە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە چەندین خزمەتگوزاریی و بەشی تایبەت بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی لەخۆ دەگرێت.
ڕۆژی چوارشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2024، مەسروربارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر بەردی بناغەی گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەریی شێرپەنجەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، لە شاری هەولێر دانا.

