لووتکەی عەرەبی: پێشوازیی لە پلانەکەی میسر تایبەت بە ئاوەدانکردنەوەی غەززە دەکەین

سەرکردەی وڵاتانی بەشدار لە لووتکەی بە پەلەی عەرەبی
سەرکردەی وڵاتانی بەشدار لە لووتکەی بە پەلەی عەرەبی

لە کۆبوونەوەی لووتکەی بە پەلەی وڵاتانی عەرەبی لە قاهیرە، ڕاگواستنی دانیشتووانی غەززە ڕەت کرایەوە، هاوکات پشتیوانیی وڵاتانی عەرەبیش بۆ کەرتەکە دووپات کرایەوە. پلانی میسریش سەبارەت بە غەززە خرایە بەردەم سەرکردەکان.

سێشەممە 4ـی ئاداری 2025، لووتکەی بەپەلەی وڵاتانی عەرەبی لە قاهیرەی پایتەختی میسر، تایبەت بە دۆخی غەززە و ڕاگواستنی خەڵکەکەی بەڕێوەچووە.

حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە، شای بەحرەین

شای بەحرەین: ستایشی پلانی پێشنیازکراوی میسر لەبارەی غەززە دەکەین

لە دەستپێکی لووکەکەدا، حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە، شای بەحرەین، ڕایگەیاند: گەلی فەڵەستین مافی چارەی خۆنووسینی هەیە و بە تووندی هەر هەوڵێکیش بە مەبەستی ڕاگواستنی فەڵەستینییەکان ڕەت دەکەینەوە.

هاوکات باسی لەوە کرد، ستایشی پلانی پێشنیازکراوی میسر لەبارەی غەززە دەکەین و پشتیوانیشی لێ دەکەین.

شای بەحرەین، گوتیشی: خەڵکەی غەززە هیوادارن ئاشتی بەرقەرار بێت و تەواوی ناوچەکەیان سەقامگیر بێت.

عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر

سیسی: ئاشتی لە فەڵەستین بەبێ دروستبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بەدی نایەت

سەرۆکی میسر داوای کردووە، کە دەبێت ئاگربەست لە غەززە بەردەوام بێت، هاوکات دەڵێت: لەگەڵ فەڵەستینییەکان کارمان کرد بۆ پێکهێنانی لێژنەیەکی سەربەخۆ بۆ بەڕێوەبردنی غەززە.

ڕوونیشی کردەوە، لێژنەکە ئاسانکاری بۆ کاروباری ئەو کەرتە دەکات، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی فەڵەستین.

سیسی، گوتی: میسر ڕاهێنان بە کادرە فەڵەستینییەکان دەکات کە کاروباری غەززە بەڕێوە دەبەن. جەختیشی کردەوە، کە "ئاشتی لە فەڵەستین بەبێ دروستبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بەدی نایەت".

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، میسر لە مانگی نیسانی داهاتوودا میوانداری کۆنفرانسێک دەکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە، هەروەها بەنیازە سندوقێک بۆ پاڵپشتیکردنی پلانی ئاوەدانکردنەوەی غەززە دابمەزرێنێت.

گوتیشی: "هیچ ئاشتییەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نییە بەبێ یەکلاییکردنەوەی کێشەی ئیسرائیل و فەڵەستین".

شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن

شای ئوردن: وڵاتەکەمان لە پشتیوانیکردنی گەلی فەڵەستین بەردەوام دەبێت

شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن، لە لووتکەکەدا گوتی: ڕاگواستنی دانیشتووانی غەززە ڕەت دەکەیەنەوە و جەخت لە پاراستنی مافی دانیشتووانەکەی دەکەینەوە.

شای ئوردن، ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە بە هەمووان پلانێکی گشتگیر بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە دابڕێژین، هاوکات جەختی لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ فەڵەستین کردەوە.

ڕوونیشی کردەوە، دەبێت هەوڵ بدرێت بۆ ڕاگرتنی پەرەسەندنەکانی ئیسرائیل لە کەرتی ڕۆژئاوا. گوتیشی: ئوردن بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردن لە خۆڕاگری گەلی فەڵەستین و پێشکەشکردنی هاوکارییەکان بۆیان.

مەحموود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین

سەرۆکی فەڵەستین: دەسەڵاتی فەڵەستین حاکمی ڕەوا و تاکە هێزی سەربازییە لە ناوچەکانی وڵاتەکەدا

مەحموود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین پێشوازیی لە پلانەکەی میسر تایبەت بە ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە دەکات، هاوکات داوا لە ترەمپ دەکات کە پشتیوانیی لە پلانێک بکات کە ڕاگواستنی خەڵکی غەززە لەخۆ ناگرێت.

سەرۆکی فەڵەستین، دەڵێت: ئێمە ئامادەکاری دەکەین، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتیی سەرۆکایەتی و یاسادانان لە ماوەی ساڵی داهاتوودا ئەگەر مەرجی گونجاو بۆ ئەوە لەبەردەستدا بێت، لە غەززە، کەرتی ڕۆژئاوا و قودسی ڕۆژهەڵات، وەک ئەوەی لە هەموو هەڵبژاردنەکانی پێشوودا هەبووە، داواش لە هەموو لایەک دەکەین مەرجەکان بۆ ئەوە ئامادە بکەن.

گوتیشی: دەسەڵاتی فەڵەستین حاکمی ڕەوا و تاکە هێزی سەربازییە لە ناوچەکانی فەڵەستین.

فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودییە

فەیسەڵ بن فەرحان: پێشێلکردنی مافە ڕەواکانی گەلی فەڵەستین ڕەت دەکەینەوە

فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودییە، گوتی: وڵاتەکەم پشتیوانی لە چارەسەری دوو دەوڵەت و مافی چارەی خۆنووسینی گەلی فەڵەستین دەکات.

هاوکات، جەختی لەسەر پێویستی دۆزینەوەی گەرەنتی نێودەوڵەتی بۆ بەردەوامیدان بە ئاگربەست لە غەززە کردەوە.

وەزیری دەرەوەی سعوودییە، ڕوونی کردەوە، دەبێت ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە لە کاتێکدا بکرێت کە دانیشتووانەکەی لەوێدا بمێننەوە. هەروەها پێشێلکردنی مافە ڕەواکانی گەلی فەڵەستینی ڕەت کردەوە.

پلانی میسر لەبارەی ئاوەدانکردنەوەی غەززە

میسر چەند هەفتەیەک لەمەوبەر ڕایگەیاند: کە پلانێکی بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە ئامادە کردووە. هەروەها بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە قاهیرە پشتڕاستی کردەوە، کە پلانەکە ئامادەیە و لە میانی کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبیدا دەخرێتە بەردەم سەرکردە عەرەبییەکان بۆ پەسەندکردنی.

لە کاتێکدا هەندێک وردەکاری ئەم پێشنیازە ئاشکرا بووە، پلانی میسری تیشک خستووەتە سەر چارەسەری دوو دەوڵەتی کە دەرگە بە ڕووی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە و ئیسرائیل دەکاتەوە.

هەروەها بە پێی پلانەکە، میسر و ئوردن، ڕاهێنان بە ئەفسەرانی پۆلیسی فەڵەستینی دەکەن بۆ پاراستنی ئاسایشی کەرتی غەززە، کە ئەمەش ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی فەڵەستین بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە.

لە پلانەکەدا هاتووە، لێژنەیەک بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ئەو کەرتی غەززە لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی فەڵەستین پێک دەهێنرێت. جگە لەوەش ئەوانەی خانوویان ڕووخاوە و یان شوێنی نیشتەجێبوونیان نەماوە، خانووی کاتییان بۆ دابین دەکرێت.

قۆناغی یەکەمی ئاوەدانکردنەوەی غەززە دوو ساڵ دەخایەنێت بە تێچووی زیاتر 20 ملیار دۆلار، لە کاتێکدا قۆناغی دووەم دوو ساڵ و نیو دەخایەنێت بە تێچووی زیاتر 30 ملیار دۆلار.

کۆی تێچووی خەمڵێنراوی پلانی ئاوەدانکردنەوەکە بە نزیکەی 53 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە، هەروەها سندوقێکیش لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا دادەمەزرێندرێت، وەک میکانیزمێکی دارایی کە بەڵێنە داراییەکان ئاراستەی دەکرێت.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment