هیواکانی ئێران بۆ ڕزگاربوون لە سزا و ئابڵوقەکان خەریکە لەبار دەچێت

ئێران ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئابووری بووەتەوە کە وای لە پەرلەمان کرد، ڕۆژی یەکشەممە عەبدولناسر هێمەتی، وەزیری ئابووری و دارایی لە کارەکەی دووربخاتەوە.

 هەڵاوسان و دابەزینی بەهای دراو بە تێپەڕبوونی کات خراپتر دەبێت، بەهۆی توندکردنی زیاتری سزا ئابوورییەکانی سەر تاران لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە.

پێدەچێت هیواکانی مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران بۆ شکاندنی ئەو ئابڵوقە ئابوورییەی سەر تاران بە هێنانی 100 ملیار دۆلاری ئەمەریکی بۆ ئێران لەڕێگەی وەبەرهێنانی بیانی کە زۆر پێویست بوو، کاڵ بووبێتەوە، ئە بێهیواییەش دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی و بەردەوامی سیاسەتی "زۆرترین فشار" دژی ئێران دێت.

بێهیوا بوون بە دەستلەکارکێشانەوەی محەممەد جەواد زەریف، ڕاوێژکاری ستراتیژی سەرۆک کۆماری ئێران دەرکەوت، کە دەستبەکاربوونی لەلایەن شرۆڤەکارانەوە لەو کاتەدا وەک هەوڵێک لەلایەن ئێرانەوە بۆ کرانەوە بەڕووی ڕۆژئاوا و ڕزگاربوون لە بارگرانیی سزاکان لێکدرایەوە.

ئێران ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری و هەڵاوسان بووەتەوە و هیچ ئاسۆیەکی بۆ بوژانەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا نییە، قەیران و هەڵاوسان و دابەزینی بەهای تمەن وای لە پەرلەمانی ئێران کرد ڕۆژی یەکشەممە عەبدولناسر هێمەتی وەزیری ئابووری و دارایی لە کارەکەی دووربخاتەوە، پەرلەمانتاران ترسی خۆیان لە کاریگەری ئەو قەیرانە لەسەر هاووڵاتیان و بێتوانایی خۆیان لە بەرگەگرتنی کاردانەوەی هەڵاوسان دەربڕی.

تمەنی ئێرانی لە بازاڕی ڕەشدا بە زیاتر لە 920 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەکرابوو، لە کاتێکدا لە ناوەڕاستی ساڵی 2024دا دۆلار بە نزیکەی 717 هەزار تمەن لە بازاڕی ڕەشدا مامەڵەی پێوەکرابوو.

دوای ئەوەی هێممەتی لە کارەکەی دوورخرایەوە و لە لایەن جێگرەکانەوە بەرپرسیارێتی قەیرانەکەی خرایە ئەستۆ، مەسعود پزیشکیانیش گوتی "ئێمە لە ناوەڕاستی شەڕێکداین لەگەڵ دوژمن، "ئەو کێشە ئابوورییانەی ئەمڕۆ کۆمەڵگاکەمان شاهیدییەتی، پەیوەست نین بە یەک کەسەوە و ناتوانین بیانخەینە ئەستۆی یەک کەس".

 پزیشکیان لە مانگی تەمموزدا بە هیوای بوژاندنەوەی ئابووری و هەڵگرتنی هەندێک لە گەمارۆکانی ڕۆژئاوا لەسەر ئێران دەستبەکاربوو.