مەسرور بارزانی لە ساڵیادی ڕاپەرین: لە ژێر هیچ فشار و هەڕەشەیەکدا دەستبەرداری مافە ڕەواکانمان نابین

سەرۆک وەزیران پیرۆزبایی ساڵیادی ڕاپەرینی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات و جەخت دەکاتەوە "لە ژێر هیچ فشار و هەڕەشەیەکدا، دەستبەرداری مافە ڕەواکانمان نابین." 

چوارشەممە، 05-03-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بە بۆنەی 34ـەمین ساڵیادی ڕاپەرینی ساڵی 1991ـی خەڵکی کوردستان، بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە داوە "گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت کوردستانییان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم."

مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە "ئەمڕۆ کە یادی ئەم ڕاپەڕینە مەزن و شکۆدارە دەکەینەوە، لە هەموو کاتێک زیاتر، پێویستیمان بە یەکڕیزی و هاوهەڵوێستیيە لە سەر داکۆکیکردن لە قەوارەی دەستووریی و دامەزراوە یاسایی و شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو دەسکەوتانەی بە هۆی خەبات و قوربانیدان و گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەکان و خوێنی گەشی شەهیدە سەربەرزەکانمان بەدەستمان هێناون کە مەحاڵە خەڵکی کوردستان لە ژێر هیچ فشار و هەڕەشەیەکدا، دەستبەرداری مافە ڕەواکانی ببێت." 

بە گوتەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان "یەکێک لە سەروەرییە مەزنەکانی گەلی کوردستان، کە هەمیشە مایەی شانازیمانە، ڕاپەڕینی سەرتاسەری گەلی کوردستانە کە سەرجەم پێکهاتەکانی گەلەکەمان بەشداریان تێیدا کرد و لە ئەنجامی یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلی کوردستان و هێز و لایەنە کوردستانییەکان، توانرا هەرێمی کوردستان لە ستەم و داگیرکاری ئازاد بکرێت."

 

 

دەقی پەیامی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بە بۆنەی 34ـەمین ساڵیادی ڕاپەرینی خەڵکی کوردستان:

لە (34)ـەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی ئاداری 1991ی خەڵکی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت کوردستانییان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم.

یەکێک لە سەروەرییە مەزنەکانی گەلی کوردستان، کە هەمیشە مایەی شانازیمانە، ڕاپەڕینی سەرتاسەری گەلی کوردستانە کە سەرجەم پێکهاتەکانی گەلەکەمان بەشداریان تێیدا کرد و لە ئەنجامی یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلی کوردستان و هێز و لایەنە کوردستانییەکان، توانرا هەرێمی کوردستان لە ستەم و داگیرکاری ئازاد بکرێت و لە ئەنجامی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکراتییشەوە، پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاتنە ئاراوە .

ئەمڕۆ کە یادی ئەم ڕاپەڕینە مەزن و شکۆدارە دەکەینەوە، لە هەموو کاتێک زیاتر، پێویستیمان بە یەکڕیزی و هاوهەڵوێستیيە لە سەر داکۆکیکردن لە قەوارەی دەستووریی و دامەزراوە یاسایی و شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو دەسکەوتانەی بە هۆی خەبات و قوربانیدان و گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەکان و خوێنی گەشی شەهیدە سەربەرزەکانمان بەدەستمان هێناون كە مەحاڵە خەڵکی کوردستان، لە ژێر هیچ فشار و هەڕەشەیەکدا، دەستبەرداری مافە ڕەواکانی ببێت.

شکۆدار بێت ساڵیای ڕاپەڕینی ئاداری 1991 .

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و گشت شەهیدانی کوردستان .