ترەمپ: ئۆکرانیا و ڕووسیا ئامادەن شەڕ ڕابگرن
ڕۆیتەرز: بۆ ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی کانزای زێلێنسکی دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی
دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، ئێستا کاتی هاتوو ئەو شەڕە شێتانەیە ڕابگرن، هەر یەک لە ئۆکرانیا و ڕووسیاش بۆ ئەو هەوڵە ئامادەن. گوتیشی: ئۆکرانیا بە ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەی کانزای ڕازی بووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 5ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە گوتارەکەیدا لەبەردەم کۆنگرێسی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، نامەیەکی لەلایەن ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا پێگەشتووە کە ئامادەی خۆی بۆی بۆ دانووستاندنەکانی لەگەڵ ڕووسیا پێشان داوە.
لە نامەکەی زێلێنسکی هاتووە، ئۆکرانیا ئامادەیە دەست بە دانووستاندنەکان لەگەڵ ڕووسیادا بکات بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا جەنگ کۆتایی پێ بهێنرێت، هیچ کەس زیاتر لە ئۆکرانیا ئاشتی ناوێت."
دۆناڵد ترەمپ گوتیشی: لەگەڵ ڕووسیا بە جددی لەسەر هێڵە و لەلایەن مۆسکۆشەوە ئامادەیی بۆ ئاشتی هەیە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ترەمپ گوتی: ئۆکرانیا ئامادەیە ڕێککەوتننامەی کانزای لەگەڵ ئەمەریکا ئیمزا بکات.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، بڕیارە ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ ئیمزاکردنی ئەو ڕێککەوتننامەیە هەینی بگەڕێتەوە کۆشکی سپی.
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەشیدا، کاتی ئەوە هاتوو ئەو جەنگە شێتانەیە و ڕاگرن، بۆ ئەمەش دەبێت هەردووک وڵات ئامادەبن.
ڕۆژی سێشەممە 4ـی ئاداری 2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاندووە، بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی ئامادەیە لە ژێر سەرکردایەتیی ترەمپ کار بکات، ئاماژەشیداوە، هیچ یەکێکیان جەنگێکی بێکۆتاییان ناوێت.
سەرۆکی ئۆکرانیا، ئاماژەی بەوە کردووە، ئۆکرانیا ئامادەیە لە زووترین کاتدا بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتییەکی بەردەوام، هەروەها ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ئەوەی هەرچی زووە کۆتایی بە جەنگی لەگەڵ ڕووسیا بێنێت.
لێدوانەکانی زێلێنسکی لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە 4ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هەموو هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکرانیا ڕاگرت.