کۆریای باکوور فڕۆکەیەکی تایبەت بە سیستەمی ڕادار دروست دەکات

حکوومەتی کۆریای باکوور بۆ بە هێزکردنی هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی، فڕۆکەیەکی تایبەت بە سیستەمی ڕاداری دروستکردووە، کە دەتوانێت لە دوورەوە هێرشی فڕۆکە و مووشەکی دەست نیشان بکات.

چوارشەممە 5ـی ئاداری 2025، ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێس، بڵاوی کردووەتەوە، لە یەکێک لە فڕۆکەخانەکانی پیۆنگ یانگ لە کۆریای باکوور، لە ڕێگەی مانگی دەستکردەوە وێنەی فڕۆکەیەکی سەربازیی بە ناوی  (Ilyushin IL-76) گرتووە، کە تایبەتە بە هۆشیاری و ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی لە هەر تەنێکی نامۆ لە ئاسمان.

بە گوێرەی میدیاکان، فڕۆکەکە لە دوا قۆناغی دروستکردنە.

ئاژانسەکە ڕاشیگەیاندووە، توانای مووشەکی و چەکی ئەتۆمی کۆریایی باکوور هەڕەشەیەکی جددیە بۆ سەر کۆریای باشوور و ئەمەریکا، بەڵام هێزی ئاسمانی کۆرایای باکوور بەراورد بە ڕکابەرەکانی زۆر لاوازترە و زۆربەی فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکە سەربازییەکانی بەسەرچوون.

بوگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسێکی ئەمەریکی، چەندین ساڵە فڕۆکەی سەربازی لەو شێوەیە دروست نەکراوە، ئەمەش توانای هێزی ئاسمانی کۆریای باکوور بەهێزتر دەکات.

فڕۆکەی (Ilyushin IL-76)  بریتیە لە فڕۆکەی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی ئاسمانی، تایبەتە بە فڕۆکەی سەربازی کە لە ڕێگەی سیستەمی ڕادارەوە، دەتوانێت لە دوورەوە فڕۆکە، تەنی دیکەی نامۆ ئاشکرا و دەستنیشان دەکات.