کاندیدی ترەمپ بۆ ناتۆ بەڵێنی بەهێزترکردنی هاوپەیمانییەکە دەدات

لە کاتێکدا دەنگۆی کشانەوەی ئەمەریکا لە هاوپەیمانیی ناتۆ میدیاکانی جیهانی تەنیوە، کاندیدی دۆناڵد ترەمپ بۆ باڵیۆزی نوێی ئەمەریکا لە هاوپەیمانییەکە دەڵێت: بەڵێن بێت کار بۆ بەهێز کردنی ناتۆ بکەم؛ ڕاشیگەیاند، دۆناڵد ترەمپ بە مانەوە لە هاوپەیمانییەکە پابەندە.

ماتیۆ ویتەکڕ، کاندیدی دۆناڵد ترەمپ بۆ باڵیۆزی ئەمەریکا لە هاوپەیمانیی ناتۆ، ڕایگەیاند، ئەگەر بە باڵیۆزی ئەمەریکا لە هاوپەیمانیی ناتۆ دەستنیشان بکرێت، بەڵێن دەدات بەبێ هەستکردن بە ماندی بوون کار بۆ بەهێزکردنی هاوپەیمانێتییەکە دەدات، بۆ ئەوەی ئاسایشی ئەمەریکا و خەڵکەکەی بپارێزێت.

گوتیشی: هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ  ئاشکرایە کە پابەندە بە مانەوەی ئەمەریکا لە ناتۆ و پەرەدان بە ئاشتی.

بەهۆی ئەوەی ئەنجوومەنی سێناتی ئەمەریکا زۆرینە کۆمارین، ئەگەرێکی بەهێزە کە ماتیۆ ویتاکەر ببێتە باڵیۆزی داهاتووی ئەمەریکا لە ناتۆ. 

پێشتر دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو، دەبێت وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بودجەی بەرگریان بە ڕێژەی 5% زیاد بکەن،لە کاتێکدا تێکرای رێژەی بودجەی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانییەکە 2%ـە، ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمەریکا دوو لەسەر سێی بودجەی ناتۆ دابین دەکات.

ماتیۆ ویتەکڕ لەوبارەیەوە گوتی: بۆ جێبەجێکردنی داواکەی دۆناڵد ترەمپ لە 30 ڕۆژی سەرەتایی دەست بەکاربوونم سەردانی هەموو وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ دەکەم.

بەهۆی سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ، درز کەوتووتە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و ئەورووپا، لە بەشێک لە میدیاییە جیهانییەکان باس لەوە دەکرێت کە ئەمەریکا لە هاوپەیمانی ناتۆ دەکشێتەوە.