چارەنووسی عێراق بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و ڕاگرتنی غازی ئێران بەندە

ماڵپەڕی "ئۆیل پرایس"ـی ئەمەریکی، ناوەڕۆکی پەیوەندییەکەی ئەم دواییەی نێوان محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای ئاشکرا کرد.
ماڵپەڕەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاشکرای کردووە، عێراق بەڵێنی لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و پێدانی پارەی دواکەوتووی کۆمپانیاکانی وزەی ئەمەریکی کە لە عێراق کاردەکەن، و وەستاندنی هاوردەکردن و پشتبەستن بە سەرچاوەکانی وزە لە ئێرانەوە داوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتە ئەمەریکیەکە، کە تێیدا هاتووە، "لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان سوودانی و ڕوبیۆ کە هەفتەیەک لەمەوبەر کرا، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەتەواوی لەگەڵ بیرۆکەی وەزیری ئەمەریکا بووە، کە پێوسیتە بەخێرایی بۆڕییە نەوتەکانی نێوان عێراق و تورکیا بکرێنەوە، واتا نەوت هەناردە بکرێتەوە."
سەرچاوەیەکی باڵای یاسایی لە واشنتن بە ماڵپەڕی 'ئۆیل پرایس' گوتووە، "گفتوگۆکە زۆر ڕاشکاوانە بووە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەمەریکا گرنگی دەدات بە سەربەخۆیی وزەی عێراق و پێدانی شایستەکان بەو کۆمپانیا ئەمەریکیانەی لە عێراق کاردەکەن."
ئەو بەرپرسە، ئاماژەی بەوەش کردووە، "واشنتن دەیەوێت بەغدا هاوردەکردنی غاز و کارەبا لە ئێرانەوە ڕابگرێت، هاوکات دەیەوێت دەستبەجێ ڕێگە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بدات."
لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، "ئەگەر عێراق هەموو ئەم هەنگاوانە جێبەجێ بکات، ئەوا ئەمەریکا وەبەرهێنانی زیاتر لە عێراق دەکات، بەڵام ئەگەر نەیکات، ئەوە واشنتن بەخێرایی سزا بەسەر عێراقدا دەسەپێنێت."
ڕوونیشیکردەوە، "ڕەنگە ڕاشکاویی ڕوبیۆ لە ئەنجامی بێ هەڵوێستییەکانی بەغدا بووبێت، کە نزیکەی دوو ساڵە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی ڕاگرتووە و بووەتە هۆی تێکچوونی دۆخی ئابووری."
لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە: "سوودانی ئێستا تێدەگات کە ئەمەریکا پێی خۆش نییە پێی بگوترێ دەستوەردان لە عێراق نەکات، چونکە بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو دەیان ملیار دۆلاری وەکو هاوکاری بۆ دابین کردووە"، ئاماژەی بەوەش کردووە، "واشنتن پێی وایە کە دووبارەبوونەوەی درۆ لەلایەن ئیدارە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقەوە، کە بەڵێنیان داوە دەستبەرداری هاوردەکردنی وزەی ئێران بن، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی هاوردەکردنی غاز و کارەبا لەسەدا 40 بۆ سفر."
ئەو ماڵپەڕە لە ڕاپۆرتەکەدا باسی لەوە کردووە، "ئەم جۆرە درۆیانە لە مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوودا گەیشتە لووتکە، کاتێک عێراق ڕێککەوتنێکی پێنج ساڵی لەگەڵ ئێران ئیمزا کرد بۆ بەردەوامبوون لە هاوردەکردنی نەوت و غاز."
سەرچاوەیەکی باڵا کە کار لەگەڵ ئاسایشی وزەی یەکێتیی ئەورووپا دەکات، بەهەمان سەرچاوەی ڕایگەیاندووە "ئەمەریکا و هاوپەیمانە سەرەکییەکانی، دەیانەوێت هەرێمی کوردستان کۆتایی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەموو کۆمپانیا چینی و ڕووسی و ئێرانییەکان بهێنێت، کە پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هەیە."
گوتیشی "دواتر دەتوانرێت ئەمە وەک پردێک بەکاربهێنرێت بۆ دووپاتکردنەوەی کاریگەریی ڕۆژئاوا لە عێراقدا، لەڕێگەی گرێبەستە گەورەکانی وەبەرهێنانەوە، پاشان دواتر پەرەپێدانی ژێرخانی پەیوەندیدار."
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، سەرچاوەیەکی سیاسی باڵای مۆسکۆ لەم دواییانەدا ڕایگەیاندووە، "بە دوورخستنەوەی ڕۆژئاوا لە ڕێککەوتنەکانی وزە، عێراق دەبێتە یەک وڵاتی یەکگرتوو."
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لایەنی سەرەکی ئەم ستراتیجە، سەندنەوەی سەرچاوەی سەرەکیی بودجەی هەرێمی کوردستانە، ڕوونیشیدەکاتەوە، قۆناغی یەکەمی ئەمەش نەدانی پارەی بودجە بوو لەلایەن بەغداوە، کە بڕیاربوو لە بەرامبەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمەوە بدرێت.
ستراتیجی دووەم بریتی بوو لە دادگاییکردنی کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت، کە بەردەوام بوون لە کارکردن لە ناوچەکەدا، بە مەبەستی ڕێگریکردنیان لە فرۆشتنی ئەو نەوتەی بەرهەم دەهێنرێت.
ستراتیجی سێیەم، نەگرتنەبەری هیچ هەنگاوێکی بەرچاو بوو بۆ هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیەی بەسەر نەوتی هەرێم سەپێنرابوو.