ئێران ژمارەیەک فڕۆکەی سوخۆ 35ـی لە ڕووسیا کڕیوە
ئێران لە چوارچێوەی هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا، ژمارەیەک لە بەهێزترین فڕۆکەی جەنگی لە ڕووسیا کڕیوە، ئەمەش لە پێناو بەهێزکردنی هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی و شوێنگرتنەوەی فڕۆکە کۆنەکانی ئەمەریکا.
میدیاکانی ئێران لە زاری عەلی شادمانی، جێگری ڕێکخەری فەرماندەیی خاتەمولئەنبیا بڵاویان کردووەتەوە، ئێران ژمارەیەک فڕۆکەی سوخۆ 35ـی لە ڕووسیا کڕیوە.
شادمانی ڕایگەیاندووە، هەرکاتێک پێویست بێت خەرجییە سەربازییەکان بۆ بەهێزکردنی هێزی ئاسمانی و زەمینی زیاتر دەکەن و پەرەش بە بەرهەمهێنانی پێویستییە سەربازییەکان دەدەن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی میدیای ئێران، دوای ئەوەی ڕووسیا ژمارەیەک درۆنی لە ئێران کڕی بۆ بەکارهێنانی لە جەنگی ئۆکرانیا، بەرپرسانی ئێران بە پێدانی درۆن و گولـلە و تەقەمەنی زیاتر توانیویانە سوخۆ 35 لە ڕووسیا بکڕن.
بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەفسەرانی ئێرانی لە ساڵی 2022ـەوە ڕاهێنان لەسەر بەکارهێنانی فڕۆکەکان دەکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە لە ساڵی 2023 ژمارەیەک لە سوخۆی 35 گەشتوونە تاران، بەبێ ئەوەی ژمارەی فڕۆکەکان بزانرێت.
هەروەها لە نیسانی 2024دا، ئێران داواکاری کڕینی 24 فڕۆکەی دیکەی سوخۆ35 و سیستەمی بەرگری ئاسمانی و مووشەکی پێشکەشی ڕووسیا کردووە، لەگەڵ دوو فڕۆکەی دیکەی جۆری سوخۆ ئی-35، ئەمەش لە کاتێکدا هێزی ئاسمانی ئێران تەنیا پشت بەو فڕۆکە جەنگیانەی سەردەمی ڕژێمی شا دەبەستێت، کە وەک میرات بۆی ماوەتەوە، بەڵام لە مانگی ڕابردوو تاران و مۆسکۆ تازەترین ڕێککەوتنی ستراتیژیان مۆرکردووە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوانیان.