سەرۆک بارزانی: ئەوەی پێمان بكرێت بۆ یارمەتیدانی پرۆسەی ئاشتی دەیکەین
چوارشەممە، 05-03-2025، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئادریان ئایسڵستێین، كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر كرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە مێژووی سیاسیی ناوچەكە و عێراق و دەستەبەركردنی سەقامگیری لە هەرێمی كوردستان هەبوو و، وێڕای ئاماژەدان بە پێگە و كاریگەریی هەرێمی كوردستان ئامادەیی وڵاتەكەشی ڕاگەیاند بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەبوار جۆراوجۆرەكان بە تایبەتی بواری كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و پاراستنی ژینگە.
ئاماژە بەوەش دراوە "سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی هۆڵەندای كرد كە لە ڕۆژانی تەنگانەدا پاڵپشتی گەلی كوردستان بوونە و پێزانینی بۆ هێزە سەربازییەكانی هۆڵەندا هەبوو كە لەشەڕی داعش لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی یارمەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان داوە و جەختیشی لە فراوانكردنی پەیوەندی و دۆستایەتی نێوان گەلی كوردستان و گەلی هۆڵەندا كردەوە."
بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و گۆڕانكارییەكانی سووریا و هەروەها هەنگاوەكانی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا تەوەری تری ئەو دیدارە بوون و سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە "ئەوەی پێمان بكرێت بۆ یارمەتیدانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری لە توركیا ئەنجامی دەدەین."