دوای بەرنامەی 'بۆ هەمووان' وەزارەتی بازرگانی بڕیارێک لە بەرژوەندیی هاووڵاتییان دەدات

'وای بەرنامەی "بۆ هەمووان" وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، ڕۆژانە نرخی دراو، زێڕ، کەلوپەل و ژمارە مۆبایلی لیژنەکانی چاودێریی بازاڕ بڵاو دەکاتەوە. 

لە بەرنامەی ئەم جارەی بۆ هەمووان"ـی کوردستان24 کە لەلایەن سەهین موفتییەوە پێشکەش دەکرێت؛ تایبەت بوو بە جێگیریی نرخی بازاڕ لە هەرێمی کوردستان لە مانگی ڕەمەزاندا، بە میوانداریی نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان.

لە میانی بەرنامەکە، بەشێکی میوانان داوایان لە بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی کرد، لە ڕێگەی پەڕەی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتییەکەیانەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، ڕۆژانە نرخی دراو، زێڕ، کەلوپەل و ژمارە مۆبایلی لیژنەکانی چاودێریی بازاڕ بڵاو بکەنەوە، تاوەکوو هیچ بازرگان و خاوەن دووکانێک نەتوانێت دەستکاریی نرخی کاڵاکان بکات؛ نەوزاد شێخ کامیلیش بەڵێنی دا، داواکەیان جێبەجێ بکات.

 

 

دوای بەرنامەکەی کوردستان24، ئێستە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە لە ڕێگەی پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، نرخی دراو، زێڕ، کەلوپەل و ژمارە مۆبایلی لیژنەکانی چاودێریی بڵاو دەکاتەوە. 

نەوزاد شێخ کامیل لە میانی بەرنامەکەدا بە سەهین موفتی گوت "لیژنەکانی چاودێریی نەک تەنها لە مانگی ڕەمەزان، بەڵکوو ڕۆژانی ئاساییش، بە شەو و ڕۆژ لەنێو بازاڕدان و چاودێریی نرخی کەلوپەلەکان دەکەن. هەر کەسێکیش دەستکاریی نرخەکان بکات، بە تایبەت لە مانگی ڕەمەزان، سزا دەدرێت و لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت."