ترەمپ: ترودۆ دەیەوێت بەبێ هەڵبژاردن لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە

سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆک وەزیرانی کەنەدا بە تەلەفۆن شەڕی بازرگانیی نێوانیان تاوتوێ کرد.

چوارشەممە 5ـی ئاداری 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ناوەڕۆکی تەلەفۆنەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و جەستن ترودۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەدای ئاشکرا کرد، ترەمپ و ترودۆ 50 خولەک گفتوگۆیان لەسەر شەڕی بازرگانی و ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی فینتەنێڵ کرد. 

دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، ترودۆ دەیەوێت بەبێ هەڵبژاردن لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە، ئەو هەوڵانەشی بۆ ڕێگریی لە قاچاخچییەتی فینتەنێڵ داویانە، بەس نین. 

ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا، گفتوگۆکەی لەگەڵ ترودۆ، دۆستانە کۆتایی هات. 

لای خۆیەوە کارۆڵاین لێڤت، گوتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت: "سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا بە حاکمی ویلایەتی کەنەدا ناودەبات و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوانیان لەبارەی بە قاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر لە سنووری کەنەداوە بۆ ئەمەریکا و ململانێکانی زیادکردنی باجی گومرگی تا ڕادەیەك دۆستانە بوو، بەڵام سەرۆك ترەمپ هێشتا ڕازی نییە."

کارۆڵاین لێڤت ئاشکراشی دەکات، ئەو بڕەی لە ماددەی هۆشبەری جۆری فینتەنێڵ کە ساڵی ڕابردوو لە کەنەداوە بە قاچاخ گواستراوەتە بۆ ئەمەریکا، بەسە بۆ کوژرانی چوار ملیار و 800 ملیۆن کەس.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment