حه‌ماس: ڕێز له‌ نێوه‌ندگیره‌كان ده‌گرین و پابه‌ندیی ئاگربه‌ستین

گوته‌بێژی باڵی سه‌ربازی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس هۆشداری له‌ ئه‌گه‌ر په‌ره‌سه‌ندنه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئیسرائیل ده‌دات؛ هاوكات پابه‌ندبوونی خۆیان به‌رانبه‌ر به‌ ئاگربه‌ست دووپات ده‌كاته‌‌وه‌.

پێنجشه‌ممه‌، 6ـی ئاداری 2025، ئه‌بو عوبه‌یده‌، گوته‌بێژی كه‌تیبه‌كانی قه‌سسامی باڵی سه‌ربازیی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگه‌یاند، په‌ره‌سه‌ندنه‌ سه‌ربازییه‌كانی سوپای ئیسرائیل له‌ غه‌ززه‌ ده‌بێته‌ هۆی كوژرانی بارمته‌كانی ژێر ده‌ستی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌.

ئه‌بو عوبه‌یده‌ هاوكات پابه‌ندبوونی حه‌ماسی به‌ ئاگربه‌ستیی غه‌ززه‌ دووپات كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند، دوژمن (ئیسرائیل) هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ خۆ دزینه‌وه‌ له‌ ئاگربه‌ست.

گوته‌بێژی كه‌تیبه‌كانی قه‌سسام گوتیشی، له‌ پێناو پاراستنی خوێنی قوربانییه‌كان و ڕێزگرتن له‌ نێوه‌ندگیره‌كان. ئاماده‌ن هیچ پاساوێكی ئیسرائیل نه‌هێڵن، كه‌ به‌رده‌وام هه‌وڵ ده‌دات پاساو بدۆزێته‌وه‌ و ئاگربه‌ست بشكێنێت.

قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە لە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، چووە واری جێبەجێ کردن، بەڵام دەستپێنەکردنی دانووستانەکان بۆ قۆناغی دووەم، دەرگا بەڕووی چەندین سیناریۆی ئەگەریدا دەکاتەوە.

هەروەها ئیسرائیل دەیەوێت قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیل و بارمتەکان درێژ بکاتەوە بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی بارمتەکان ئازاد بکرێن، بەبێ ئەوەی ئەو پابەندبوونانە تەواو بکات کە لە ڕێککەوتنەکەدا بەسەریدا سەپێنراوە.