سعوودیە تاوانی گرووپە نایاساییەکان لە سووریا ئیدانە دەکات

وەزارەتی دەرەوەی سعوودییە، ئیدانەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی ڕژێمی پێشووی ئەسەد بۆسەر لازقیە دەکات.

سعوودیە پاڵپشتی خۆی بۆ حکوومەتی سووریا دووپاتکردەوە لە هەوڵەکانی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی مەدەنی.

بەپێی ئەوەی ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوریا "سانا" بڵاویکردووەتەوە، ئیدارەی ئاسایشی گشتیی لە پارێزگای لازقیە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 7ـی ئاداری 2025،  "قەدەغەی هاتووچۆ تا کاتژمێر 10ی بەیانی"ی ڕاگەیاند.

ئیدارەی ئاسایشی گشتیی لە شاری حەمسیش قەدەغەی هاتووچۆی گشتیی ڕاگەیاند، کە لە کاتژمێر 10:00ی شەوی پێنجشەممە دەسی پێ کرد، تا کاتژمێر 8:00ی بەیانی ئەمڕۆ هەینی.

 لە شاری تەرتووس، وەزارەتی ئاسایشی گشتیی قەدەغەی هاتووچۆی گشتیی ڕاگەیاند، کە لە کاتژمێر 10ی شەوی پێنجشەممە دەست پێ کرد تا کاتژمێر 10ی بەیانی ئەمڕۆ هەینی.

پێشتریش ڕۆژی پێنجشەممە، هێزە ئەمنییەکانی سووریا ڕایانگەیاند کە لە ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئەفسەری پێشووی سوهەیل حەسەن، کە یەکێک بوو لە دیارترین سەرکردەکانی سوپای ڕژێمی بەشار ئەسەد، سەرقاڵی پێکدادان بوون.

 ئاژانسی هەواڵی عەرەبی سوریا (سانا) لە زاری بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای لازقییە بڵاویکردەوە، "ئەو گرووپە چەکدارانەی هێزە ئەمنییەکانمان لە لادێکانی لازقیە لەگەڵیاندا پێکدادان دەکەن، سەر بە سوهەیل حەسەنن".

ئاژانسه هەواڵییەکە بڵاویکردەوە، مستەفا کنیفانی، بەڕێوەبەری ئیدارەی بەڕێوەبەری بەشی ئاسایشی گشتیی لە لازقیە، "پاشماوەی گرووپە میلیشیاکانی ئەسەد"ی تۆمەتبار کرد بە هێرشکردنە سەر خاڵە پشکنینەکان و دەورییە حکوومییەکان لە ناوچەی جەبلە.

کینفانی گوتی: لە پێکدادانەکان کوژراو و بریندار لەنێو کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و 28 کوژراویش لە گرووپە نایاساییەکان هەبووە.