ترەمپ هەڕەشە لە ناتۆ دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەگەر وڵاتانی ناتۆ پارەی پێویست نەدەن بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، ئەوا ئەمەریکا بەرگرییان لێناکات.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتانی ناتۆ هێشتا پارەی پێویست نادەن.
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کرد، بە وڵاتانی دیکەی وتووە ئەگەر "کەم و کوڕی"یان هەبێت لە پێدانی ئەو پارەیەی کە قەرزارن، بەرگرییان لێناکات.
پێشتر سەرچاوەکانی ئیدارەی ئەمەریکا ڕایانگەیاند، ترەمپ وڵاتێکی هاوبەش لە ناتۆ بێبەش دەکات، ئەگەر بە تەواوی پابەند نەبێت بە پێدنی پشکی خۆی لە خەرجییەکانی بەرگریی.
کەناڵی ئێن بی سی نیوز لە زاری سێ بەرپرسی ئێستا و پێشووی ئەمەریکا و ئەندامێکی کۆنگرێسەوە نووسیویەتی: ترەمپ بیر لە گۆڕانکاری ڕیشەیی لە بەشداریکردنی ئەمەریکا لە ناتۆ دەکاتەوە.
ئاماژەیان بەوەش کردووە: "ڕەنگە ئەمەریکا بەرگریی لە ئەندامێکی ناتۆ نەکات کە لەژێر هێرشدایە ئەگەر ئەو وڵاتە نەگاتە کەمترین ئاستی خەرجییەکانی بەرگری".
سەرچاوەکان هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە، ترەمپ و تیمەکەی لە بژاردەیەک دەکۆڵنەوە کە ئەمەریکا لە چوارچێوەی ناتۆدا مانۆڕ بکات، بە پلەی یەکەم لەگەڵ وڵاتانی هاوبەش کە بە تەواوی پابەندن بە بەڵێنەکانیان سەبارەت بە خەرجییەکانی بەرگریی.
ترەمپ لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس ڕایگەیاندبوو، بە نیازە داوا لە هەموو وڵاتانی ناتۆ بکات خەرجییەکانی بەرگریی بۆ 5%ی بەرهەمی گشتیی ناوخۆیی خۆیان زیاد بکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، زۆرێک لە ئەندامانی ناتۆ ماوەیەکی زۆرە پابەند نەبوون بە خەرجکردنی تەنانەت 2% بۆ بەرگریی، تا ئەو کاتەی بە شێوەیەکی کەسی پێداگریی لەسەر پابەندبوون بەو ئاستە کردووە.