ئەمڕۆ 34 ساڵ به‌سه‌ر ڕاپه‌ڕینی شاری سلێمانی تێدەپەڕێت

لە ڕۆژیکی وەک ئەمڕۆدا، لە 7ـی ئاداری 1991 هاووڵاتییانی شاری سلێمانی ڕاپەڕینێکی جەماوەریان دژی ڕژێمی بەعس کرد و شارەکەیان پاککردەوە.

لەو ڕۆژەدا خەڵکی سلێمانی دەستیان بە هەژاندنی تەختی دیکاتۆرییەت لە شارەکەیان کرد، لە ماوەی تەنیا دوو ڕۆژدا شارەکەیان لە ڕژێمی بەعس پاککردەوە،

یەکەم فیشەکی ساڵی 1991سلێمانی، لە سەرچنار تەقێندرا و خەڵک بەپشتیوانی پێشمەرگە بنکەی پۆلیسی حامیە و سەرایان ئازادکرد.

لەو ڕۆژەدا پێشمەرگە سیمای شاخی پێوەدیاربوو، دایکە شەهیدەکان سروودی ئەی شەهیدانیان دەگووتەوە، لە 8ـی ئادار ئەمنە سوورەکە و سەربازگەی سەلام کۆنترۆڵکران.

لە ڕاپەرینی سلێمانی دا، هەزاران سەرباز خۆیان دا بەدەستەوە و پارێزگار و دەیان پلەداریش کوژران.