عەلی قەرەداغی بۆ ئەحمەد شەرع: ڕووداوەکانی دوایی دەسەلمێنن هەوڵی نەزۆک هەیە بۆ گەڕاندنەوەی دووپشکەکانی سەردەم

د.عەلی قەرەداغی
د.عەلی قەرەداغی

د.عەلی قەرەداغی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئیسلامی لە جیهان، نامەیەکی ئاراستەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ڕاگوزەری سووریا کردووە و تێیدا دەڵێت: لەماوەی ڕابردوودا سەلماندتان خاوەنی حیکمەت و شایەنی سەرکردایەتین.

د.عەلی قەرەداغی لە نامەکەیدا دەڵێت: لە ڕوانگەی ئەو بەرپرسیارەتییە مێژووییەی کە لەسەر شانتانە، لەگەڵ ئەو ئەمانەتە گەورەی لە ملتانە لەو قۆناغە مێژووییە، پێتات دەڵێم کە ئێوە خاوەنی حیکمەتن و شایەنی سەرکردایەتی کردنن، دەشڵێت: ئێوە زۆر بە باشی لە مانای دادپەروەری تێدەگەن.

سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئیسلامی لە جیهان لە نامەکەی بۆ ئەحمەد شەرع دەشڵێت: میللەت هەمووی چاودێری جموجۆڵەکانتان دەکات، پشتیوانی هەوڵەکانیشتان دەکات بۆ ئارامی و ئاسایش، ئاماژەی بەوەشکردووە کە، سەرانی ڕژێمی پێشوو هەوڵی دروستکردن و نانەوەی ئاژاوە دەدەن، داوای لە شەرع کردووە دان بەخۆیدا بگرێت و پێداگر بێت لە وەڵامدانەوەیان بێ ئەوەی کاریگەریی لە سەروەری وڵات بکات و زوڵم عەدالەت لەناو ببات.

د.عەلی قەرەداغی ئاماژەی بەوە کردووە: ڕووداوەکانی ئەم دواییە ئەوە دەسەلمێنن کە هەوڵی نەزۆک هەیە بۆ گەڕاندنەوەی دووپشکەکانی سەردەم ، دەڵێت: ئێمە دڵنیاین کە ئێوە ئاگاداری ئەم پیلانەن و تێدەگەن کە وەڵامدانەوە دەبێت ژیرانە بێت، دەشڵێت: پیلانگێڕی شکست دەهێنێت، هێزی دەوڵەت کۆتایی بە وەهمەکانی ئەو کەسانە دەهێنێت کە ئاسایشی وڵات و داهاتووی بە ئامانج دەگرن.