ئەمەریکا گومان دەکات ئیسرائیل زانیارییەکانی نێو کۆبوونەوەکەی لەگەڵ حەماسی دزیبێت
پێگەی ئەلیکترۆنی(وای نێت) ـی سەر ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرونوتی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، بەرپرسانی حکوومی ئەمەریکا ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دەکەن، زانیارییەکانی دەربارەی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی دۆناڵد ترەمپ و بزووتنەوەی حەماسی دزیووە بۆ ئەوەی دانووستانەکان تێک بدات.
تەلئەڤیڤ ئاماژە بەوە دەکات، ئیسرائیل لە دانووستانەکانی نێوان ئەمەریکا و بزووتنەوەی حەماس پێشتر ئاگەدار نەکراوەتەوە چونکە هەوڵێکی پێشووتر بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە بەهۆی فشاری ئیسرائیل هەڵوەشایەوە. بۆیە کاتێک ئەمریکا بڕیاریدا گفتوگۆکان بەردەوام بێت سەرەڕای هەڵوێستی ئیسرائیل، بڕیاریدا تەلئەڤیڤ ئاگادار نەکاتەوە.
بەڵام کاتێک بەرپرسانی ئیسرائیل ئاگاداری دانووستانەکە بوونەوە، بنیامین ناتانیاهۆیان ئاگادار کردەوەتەوە، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە گواستوویەتییەوە و دەڵێت: تەلئەڤیڤ لە ڕێگەی "کەناڵێکی ترەوە" زانیاریی لەبارەی دانووستانەکانەوە زانیووە.
یەدیعوت ئەحرونوتی ئیسرائیلی یەکەم ڕاپۆرتی میدیایی لەسەر دانووستانەکانی نێوان ئەمەریکا و حەماس پاش کەمتر لە ڕۆژێک لە ئاگادارکردنەوەی ناتانیاهۆ بڵاو کردەوە، بۆیە ئەمەریکا گومانی لەوە کرد ئیسرائیل لە پشت ئەو زانیارییەوە بێت.