ناوی ئەوکەسانەی لە ڕۆژی ڕاپەڕیندا مۆزەخانەی سلێمانییان پاراست بڵاوودەکرێتەوە
مێژوونووسێک لە بەڵگەنامەیەکی دەستنووسدا، ناوی ئەو کەسانە هاووڵاتییانە بڵاو دەکاتەوە، کە 34 ساڵ لەمەوبەر لە ڕاپەڕینی جەماوەری سلێمانی، مۆزەخانەی سلێمانیان پاراست.
نووسەر و مێژوونووس، عەبدولڕەقیب یوسف، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک یەمڕۆ هەینی 7ـی ئاداری 2025، لە ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی، ناوی ژمارەیەک کەسی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: ئەوانە لە ڕۆژانی سەرەتای ڕاپەڕیندا مۆزەخانەی سلێمانییان لە تاڵانکردن و سووتاندن پاراست.
لە ڕۆژیکی وەک ئەمڕۆدا، لە 7ـی ئاداری 1991 هاووڵاتییانی شاری سلێمانی ڕاپەڕینێکی جەماوەریان دژی ڕژێمی بەعس کرد و شارەکەیان پاککردەوە.
ئەم نووسەر و مێژووسە لە یاداشتە دەستنووسەکەیدا ئاماژەیداوە "ئەم کەسانە بە چەکەکانیان مۆزەخانەی سلێمانیان پاراست، دەنا خەڵک مۆزەخانەیان تاڵان دەکرد".

مۆزەخانەی سلێمانی لە 14ی تەممووزی 1961 دامەزراوە، لە سەرەتا لە خانوویەکی بچووکی گەڕەکی شۆڕشدا بووە، دواتر لە ساڵی 1980 گواسترایەوە بۆ ئەم بینای نوێ کە تاوەکوو ئێستا هەر مۆزەخانەیە.
یەکەم بەڕێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانی ڕەفیق فەتحوڵڵا بووە و لە مۆزەخانەی سلێمانی، چەندین پارچە شوێنەواری سەردەمە جیاوازەکانی کوردستان و میسۆپۆتامیا و چەندین پارێزراوە و یەکێک لە ئاسەوارە گرنگەکانی مۆزەخانەکە، تابلێتی پێنجەمی تازە دۆزراوی داستانی گلگامێشە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بابلی کۆن.