پاریس.. بۆمبێک دۆزراوەتەوە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی دووەمی جیهانی

پۆلیسی پاریس ڕایگەیاند، لە یەکێک لە گەڕەکەکانی باکووری پاریس، بۆمبێکیان دۆزیوتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی دووەمی جیهانی.

 ئەمڕۆ هەینی 7ـی ئاداری 2025، پۆلیسی پاریس ڕایگەیاند، بۆمبێکێان لە یەکێک لە وێستەگەکانی شەمەندەفەر لە باکووری پاریس دۆزیوتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی دووەمی جیهانی.

پۆلیسی پاریس ئاماژەشی داوە، بۆمبەکە لە سانت دێنیس، گەڕەکێکی باکووری پاریس، لە کاتی کاری بیناسازیدا دۆزراوەتەوە.

دۆزینەوەی بۆمبەکە کاریگەریی لەسەر وێستگەی شەمەندەفەری 'گار دی نۆر' لە پاریس کە وێستگەیەکی ئینتەرنەشناڵە و سێیەم قەرەباڵغترین وێستگەیە لە جیهاندا هەبوو، هەموو گەشتەکانی هەڵوەشێندرانەوە.

فیلیپ تابارۆت، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی وڵاتەکە گوتی: تاوەکوو پرۆسەی لەناوبردنی بۆمبەکە تەواو نەبێت گەشتەکان دەست پێ ناکەنەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی هێڵی شەمەندەفەری ئیچی فەرەنسی، بۆمبەکە لە ناوەڕاستی رێڕەوی تۆڕی شەمەندەفەری پاریس دۆزراوەتەوە.

بە پێی نووسینگەی گەشتیاریی پاریس، ساڵانە نزیکەی 220 ملیۆن هاووڵاتی بە ڕێگەی وێستگەی شەمەندەفەری 'گاری دی نۆر'، لە ئەورووپادا گەشت بۆ شوێنەکانی باکووری فەرەنسا و لەندەن و بەلجیکا و هۆڵەندا و ئەڵمانیا دەکەن.